33 هەزار خێزان لەپارێزگای سلێمانی كرێنشینن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 02/02/2018‌ :: 393‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
قەیرانی ئابووری لەهەرێمی كوردستان كاریگەریی گەورەی لەسەر كرێنشینان هەبووە شارەزایانی ئەو بوارەش ئاماژە بۆ دەرهاویشتەی مەترسیداری كرێچێتی دەكەن لەسەر كرێنشینان، بەپێی زانیارییەكانی كۆمەڵەی كرێنشینانی سلێمانی لە %12ی دانیشتوانی سلێمانی وەك كرێنشین ناوی خۆیان تۆمار كردووە.

هاوکات سەدان خێزانی تر بەهۆی نەبوونی و كەمدەرامەتییەوە لەدەرەوەی شار، لەناو كارگەكانی بلۆك و دەواجین و كارگەكانی تردا نیشتەجێ بوون كە وەك پاسەوان كاری تیادا دەكەن.

بەپێی ئامارێكی فەرمانگەی ئاماری سلێمانی ، رێژەی كرێنشیان لەساڵی 1991 (%56)  بووە لەكاتێكدا ژمارەی دانیشتوان 951723 كەس بووە، لەساڵی 2009 (%12.1) بووە لەكاتێكدا كە ژمارەی دانیشتووانەكەی 1797508 كەس بووەو لە 2013 (%11.6) بووە لەكاتێكدا ژمارەی دانیشتووانەكەی 2023266 لەساڵی 2016ش بۆ (%15) زیادی كردووە لەكاتێكدا ژمارەی دانیشتووانی سلێمانی 2210879 كەس بووە،  هاوكات لەگەڵ ئەوەی لەساڵی 2013دا لە %74ی هاوڵاتیان خاوەنی خانووی خۆیان بوون، لەساڵی 2016دا رێژەكە بووە بە %76، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رێژەی كرێنشینان لەو وادەیەدا لە%3 زیادی كردووە.

ئەوەش بەپێی وتەی شارەزایانی ئەو بوارە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی كە لەو ماوەیەدا زۆربەی ئەو خێزانانەی تازە دروستبوون، شوێنی نیشتەجێبوونیان نەبووە، هەر بەپێی زانیارییەكانی كۆمەڵەی كرێنشینان زۆرینەی ئەو كەسانەی كرێنشینن لە ریزی ئەو كەسانەن كە لەژێر هێڵی هەژارییەوەن، بەپێی دوایین ئامار لەمانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا رێژەی بەكرێدانی خانوو 101.8 بووە ئەوەش بەراورد بە هەمان وادە لە2016دا بەرێژەیەكی بەرچاو دابەزیووە بەجۆرێك لە هەمان وادەدا رێژەكە 121.1 بووە.

هەر پەیوەست بە كرێنشینی و قەیرانەكانی بەردەم كرێنشینان، عوسمان قەرەداغی سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ سایتی دوارۆژ رایگەیاند، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان 75 هەزار خێزان كرێنشینن كە پشكی شێر بەر سلێمانی دەكەوێت، قەیرانی كرێنشینان مەترسیدارەو پێویستی بەچارەسەركردنی بەپەلەیە.

وتیشی "ئەو خێزانانەی كە توانایان نییە كرێی خانوو بدەن و روویان لەباخ و كارگەكانی دەرەوەی شار كردووە، منداڵەكانیشیان لەخوێندن بێبەش بوون، راشیگەیاند، پرۆژەیان بۆ كەمكردنەوەی نرخی كرێی خانوو لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەبووە كە داوا كراوە لەڕێگەی پەرلەمانەوە پەسەند بكرێت بەمەبەستی كەمكردنەوەی كرێی خانوو، بەڵام پرۆژەكە سەركەوتوو نەبووە".

وتیشی "لەسەر ئاستی تاك هەندێك خاوەن خانوو كرێكانیان كەمكردووەتەوە، هێمای بۆ ئەوەشکرد، ئەوان چەندین جار چوونەتە ناو كێشەی كرێنشینان كەتوانایان نەبووە كرێی چەند مانگێك بدەن و توانیوانە بەشداربن لەچارەسەر كردنی كێشەكانیان". 

وتیشی "ژمارەیەك كۆمپانیای خانووبەرە هاوكاریی هاوڵاتیانیان كردووە لەكەمكردنەوەی قیستی مانگانە، هەر پەیوەست بەچارەسەركردنی كێشەی كرێنشینان".

عوسمان قەرەداغی وتی "ژمارەیەكی زۆر یەكەی نیشتەجێبوون لە سیتەك و زرگوزێز دروستكراون، لەبەرئەوەی خزمەتگوزارییەكان لەلایەن كۆمپانیای بەرپرسەوە تەواو نەكراوە، پشتگوێ خراون و دابەشنەكراون".

وتیشی "داوایان لە حكومەت كردووە كە سەرباری كەموكورتییەكان ئەو یەكانە دابەش بكەن، بەڵام هیچ وەڵامێكی ئەرێنییان دەستنەكەوتووە، هەر بەپێی وتەی لێپرسراوانی ئەو بوارە خراپیی گوزەرانی كرێنشینان وایكردووە، كە دیاردەی هەڵوەشاندنەوەی خێزان روو لەزیاد بوون بكات".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure