پارتى ده‌ستبه‌ردارى كورسى كۆتاى ئێزدییه‌كان ده‌بێت

هەواڵ / عێراق :: 01/02/2018‌ :: 190‌ جار بینراوە

تاگ :: پارتی

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
پارتى دیموكراتى كوردستان ده‌ستبه‌ردارى كورسى كۆتاى ئێزدییه‌كان له‌په‌رله‌مانى عێراق ده‌بێت و یه‌كێتیش پشتگیرى له‌ كاندیدى  پارتێكى ئێزدى ده‌كات، سه‌رۆكى پارتێكى ئێزدیش ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات، خۆیان كاندیدیان بۆ ئه‌و پۆسته‌ داناوه‌.


به‌ پێى یاسا له‌ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كورسییه‌ك به‌شێوازى "كۆتا" له‌ كۆى (328) كورسى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ پێكهاته‌ى ئێزدییه‌كان دانراوه‌، هه‌ریه‌ك له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان بڕیاریانداوه‌ هیچ كاندێدێكیان نه‌بێ بۆ ئەو پۆسته‌ و پارته‌ ئێزدییه‌كانیش كێبڕكێ له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانى ئه‌و كورسییه‌ ده‌كه‌ن".

خه‌سره‌و گۆڕان، به‌رپرسى ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى پارتى له‌و باره‌یه‌وه‌ بۆ دواڕۆژ ئاماژه‌به‌وه‌ ده‌كات، لە پارێزگای موسڵ بۆ كورسى كۆتای ئێزدیان كاندیدیان نابێت و پشتگیری له‌ هیچ  كه‌س و لیستێكیش ناكه‌ن له‌وباره‌یه‌وه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ حەیدەر شەشۆ، سەرۆكی پارتی ئێزدیی دیموكرات، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "چوار حزبی ئێزدی كاندیدیان هه‌یه‌ بۆ كورسى كۆتا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، به‌ڵام پارتی و یەكێتى بڕیاریانداوە له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتوودا كاندیدیان نەبێ‌ بۆ كورسى كۆتای ئێزدییه‌كان".

ڕوونیشیكرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابوون هه‌ر چوار حزبى ئێزدى بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردن بكەن، بەڵام ئه‌وه‌ نه‌كرا، له‌ ئێستاشدا ئه‌وان هیچ لیستێكیان بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق نییه‌ و ته‌نها كاندیدێكیان بۆ كورسى كۆتا داناوه‌ و هه‌ندێ لایه‌نیش پشتگیرى له‌و كاندیده‌ ده‌كه‌ن.

وتیشى "یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان یه‌كێك له‌و هێزانه‌یه‌ پشتگیرى له‌و كاندیدەى ئێمه‌ ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر كاندیدى 3 لایه‌نى تری ئێزدى بۆ كورسى كۆتا".

وابڕیاره‌ له‌ 14ى ئایارى ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئه‌نجامبدرێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure