کۆنگرەی سوچی دروستکردنی لیژنەیەکی بۆ چاکسازی لەدەستوری سوریا راگەیاند

هەواڵ / جیهان :: 30/01/2018‌ :: 165‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئەمڕۆ سێشەممە 30ی کانونی دووەمی 2018، بەشداربوانی کۆنگرەی سوچی لە روسیا، رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی دەستوری لە ئۆپۆزسیۆنی و رژێمی سوریا بەمەبەستی چاکسازی لە دەستور و دروستکردنی سوپایەکی نیشتیمانی بۆ ئه‌و وڵاته‌.

لەبەیاننامەی کۆتایی کۆنگرەکەدا هاتووە "رێککەوتین لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک لە ئۆپۆزسیۆن و حکومەتی سوریا لەپێناو چاکسازی لە دەستور و چارەسەری کێشەکان بەشێوەیەکی سیاسی و بەچاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان و بەپێی بڕیاری ژمارەی 2254 ئەنجومەنی ئاسایش".

ئەوەش خراوەتەڕوو کە دەبێت لە لیژنەکەدا نوێنەری حکومەت و ئۆپۆزسیۆن و خەڵکی شارەزا و بێلایەنیشی تێدابێت، هاوکات جەختیش لە بەشداریپێکردنی سەرجەم پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی سوریا کراوەتەوە و داواشکراوە بنەماکانی دیاریکردنی ئەو لیژنەیە بەپێی رێکارێک بێت کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێف سەرکردایەتی بکات.

لەبەیاننامەکەدا هیچ ئاماژەیەک بە لێپێچینەوە لە بکەرانی تاوانی جەنگ بەپێی بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نەکراوە.

ئەوەش دوپاتکراوەتەوە کە بەشداربوانی کۆنگرەی سوچی رێککەوتون لەسەر دروستنکردنی سوپایەکی نیشتیمانی بەهێز و بەپێی دەستور بەرپرسیارییەتییەکانی دیاری بکرێت و ئەرکیان پاراستنی سنور و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەبێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە