وردەكاری دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان

هەواڵ / کوردستان :: 30/01/2018‌ :: 291‌ جار بینراوە

تاگ :: پەرلەمان

دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
پەرلەمانی كوردستان راگەیەنراوێكی لەسەر دانیشتنی ئەمڕۆ بڵاوكردەوە و بەپێی راگەیەنراوەكە گفتوگۆ لەسەر لەشكركێشی توركیا بۆسەر عەفرین كرا و پڕۆژەیاسای رێكخستن و چاندن و گواستنەوەی ئەندامەكانی جەستەی مرۆڤ پەسەندكرا.

دەقی راگەیەنراوەکە:

سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمان ئیدانەی هێرشەكانی سەر عەفرین دەكەن
پەرلەمانی كوردستان چەند راسپاردەیەك لەسەر دۆخی عەفرین دەردەكات و پڕۆژە یاسای رێكخستن و چاندن و گواستنەوەی ئەندامەكانی جەستەی مرۆڤ پەسند كرا.
سەعات 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 2018/1/30، پەرلەمانی كوردستان بەسەرۆكایەتیی د.جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (5)ی ئاساییی خولی پاییزە، ساڵی پێنجەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردن ئەنجامدا.
سەرەتا جێگری سەرۆكی پەرلەمان، بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی خوێندەوە كە لەشەش خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یەكەم بریتی بوو لە گفتوگۆكردنی پڕۆژە یاسای رێكخستن و چاندن و گواستنەوەی ئەندامەكانی جەستەی مرۆڤ، بەپێی ماددەكانی (75،74،72)، لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، خاڵی دووەمیش بریتی بوو لە گفتوگۆكردنی پڕۆژە یاسای (هەمواری یاسای هاتووچۆی ژمارە (86)ی ساڵی 2004 لە هەرێمی كوردستان-عێراق)، بەپێی ماددەكانی (75،74،72) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، خاڵی سێیەمیش بریتی بوو لە خوێندنەوەی یەكەمی (پڕۆژە یاسای پاراستنی تۆڕ و دامەزراوەكانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان-عێراق، كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێشكەش كراوە، بەپێی ماددەی (71) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، خاڵی چوارەمی بەرنامەی كاریش بریتی بوو لە دانانی ئەو ئەندامە بەڕێزانەی پەرلەمان لە لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمانی كوردستان، بەپێی ماددەی (44) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو: (زیادكردنی ئەندامی پەرلەمان بەڕێز ئەیوب عەبدوڵا رەسول، بۆ سەر لیژنەی كاروباری پەرلەمان، هەروەها زیادكردنی ئەندامی پەرلەمان بەڕێز عەبدولڕەحمان فارس عەبدولڕەحمان (ئەبو كاروان)، بۆ سەر لیژنەی كاروباری كۆمەڵگەی مەدەنی، خاڵی پێنجەمی بەرنامەی كاریش بریتی بوو لە خوێندنەوەی پەیامی فراكسیۆنەكان سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای عەفرین، خاڵی شەشەم و كۆتایی بەرنامەی كاریش بریتی بوو لە گفتوگۆكردنی پڕۆژەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، كە لەلایەن لیژنەی كاتی بۆ پێداچوونەوەی پەیڕەوی ناوخۆ ئامادەكراوە، بەپێی بڕیاری ژمارە (26)ی ساڵی 2014 و بڕگەی (8) لە ماددەی (پەنجاو شەشەم)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو و پاڵپشت بە ماددەی ( 94 )ی پەیڕەوی ناوخۆی  پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو.
لە دەسپێكی دانیشتنەكەدا سەرۆكایەتیی پەرلەمان سوپاسی ئامادەبوونی نوێنەری خەڵكی كانتۆنی كۆبانێی رۆژئاڤای كوردستان و رێكخراوی سی دی ئۆ كرد لە دانیشتنەكەداو دواتر بۆ رێزلێنان لەقوربانیانی عەفرین، پەرلەمانتاران و ئامادەبووان دەقیقەیەك بەبێ دەنگی وەستان.
لەكاتی خستنەڕووی بەرنامەی كاریش، پێشنیاز كرا خاڵی پێنجەم بەرنامەی كار كە تایبەتبوو بەخوێندنەوەی پەیامی فراكسیۆنەكان سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای عەفرین، بكرێتە خاڵی یەكەمی بەرنامەی كاری دانیشتنەكەو پێشنیازەكەش بەزۆرینەی دەنگ پەسندكرا، لەوبارەشەوە لەلایەن چەند پەرلەمانتارێكەوە داواكرا دانیشتنێكی تایبەت و نائاسایی لەوبارەیەوە بەڕێوەبچێت، لەبەرامبەردا سەرۆكایەتیی پەرلەمان ئەوەی خستەڕوو، كە سەرجەم فراكسیۆن و پێكهاتەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان دەتوانن لەچوارچێوەی بەرنامەی كاری دانیشتنی ئەمڕۆ پێشنیازو هەڵوێستەكانیان بخەنەڕوو. هەرچەندە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران دەنگیاندا بەوەی كە بڕگەی عەفرین بێتە پێشەوەی ریزبەندی و وەك خۆی بڕوات،  بەڵام فراكسیۆنی گۆڕان سووربوون لەسەر پێشنیازی گرێدانی دانیشتنێكی نائاسایی و بەو هۆیەوە بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد.
پاشان د.جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی دۆخی عەفرینەوە رایگەیاند: "پەیامی گەلی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان، پەیامی ئاشتیخوازانەیە، سەرباری زوڵم و زۆردارییەكان، هەمیشە گەلی كورد دەسپێشخەربووە بۆ ئاشتەوایی. ئێمینكی، راشیگەیاند: "عەفرین پەناگەی لێقەوماوان و ئاوارە غەیرە كوردەكان بووەو سیمبولی خۆڕاگری و ئاشتەواییەو لانكەی پێكەوە ژیانە"، جێگری سەرۆكی پەرلەمان راشیگەیاند: "هەرێمی كوردستان بەردەوام لە پەیوەندیی باشدابووە لەگەڵ رۆژئاڤاو پەرلەمانی كوردستانیش چەندین سەردانی مەیدانیی بۆ كانتۆنەكانی ئەوپارچەیە ئەنجامداوە، لەدوایین سەردانیشدا شاندی فەڕمیی پەرلەمانی كوردستان لەسەر داخوازیی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بەشداربوو لەپرۆسەی چاودێریی هەڵبژاردنەكانی ئەو كانتۆنانەن هەروەها هەرێمی كوردستان سەروەرییەكی مێژوویی تۆماركرد، كاتێك هێزی پێشمەرگە بەهاریكاریی وڵاتانی دراوسێ چوون بۆ رزگاركردنی كۆبانێ".
هەر لەچوارچێوەی گفتوگۆكردنی دۆخی عەفرین، بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمان رایگەیاند: "سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان بەبێ جیاوازی یاداشتییان لەبارەی دۆخی عەفرین ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە و بۆیە لەژێر رۆشنایی ئەو بارودۆخە ناهەموارە لەئێستادا گەلی كوردستان رووبەڕووی بۆتەوە، پێویستە سەرجەم لایەنە كوردییەكان بەیەك دەنگی و یەكهەڵوێستییەوە رووبەڕووی تەحدییەكان ببینەوەو رەچاوی بارودۆخی هەنووكەی هەرێمیش بكەین و هەر شتێكیش بووبێت لەسۆنگەی پەرۆشییەوەیە نەك پەراوێزخستن، بۆیە دەبێت دۆخی عەفرین زیاتر یەكمان بخات و دوورمان بخاتەوە لەهەر پەرچە كردارێكی نێگەتیڤییانە و هەرێم و پەرلەمانی كوردستانیش سەرجەم پەیوەندی و كەناڵەكانی خۆی دەخاتەگەڕٍ بۆ پشتیوانیكردنی عەفرین و رێگەگرتن لەو زوڵمەی كە لەگەلەكەی دەكرێت".
پاشان سەرۆكی سەرجەم فراكسیۆن و كوتلەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان، پەیامی خۆیان لەسەر دۆخی عەفرین خستەڕوو، كە سەرجەمییان ئیدانەی لەشكركێشی و هێرشەكانیان بۆ سەر خەڵكی عەفرین كرد و داوای رێگەچارەی ئاشتییانەو بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و پاراستنی یەكڕیزیی نێوماڵی كوردییان كرد. 
دوای تەواوبوونی پەیامی سەرجەم فراكسیۆن و كوتلەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكایەتیی پەرلەمان لیژنەیەكی لەنوێنەرایەتیی فراكسیۆنەكان راسپارد بۆ جێكردنەوەو پوختكردنەوەی پێشنیازو هەڵوێستەكان لەچوارچێوەی راسپاردەیەكدا.
پاشان خاڵی دووەمی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە خرایەڕوو كە د.رێكەوت حەمە رەشید، وەزیری تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی دانیشتنەكە بوو، كە بریتیبوو لە گفتوگۆكردنی پڕۆژە یاسای رێكخستن و چاندن و گواستنەوەی ئەندامەكانی جەستەی مرۆڤ، كە لەخولی گرێدانی دانیشتنەكانی ساڵی 2015 خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ ئەنجامدرابوو، راپۆرتی هاوبەشی  لیژنە پەیوەندیدارەكان، بووە بنەمای گفتوگۆكان و  ماددەی حەڤدەیەم خرایەڕوو، كە بەپێی راپۆرتی هاوبەش داوای لابردنی ماددەكە كرابوو، ئەم پێشنیازەش بەكۆی دەنگ پەسندكرا. ماددەی هەژدەیەم تا بیست و چوارەمی پڕۆژە یاساكەش تایبەتبوو بەحوكمە سزاییەكان و دوای پێداچوونەوەو داڕشتنەوەی ماددەو بڕگەكان بەپێی تێبینی و سەرنجی لیژنەو پەرلەمانتاران و وەزیری تەندروستی، بەجیا خرانە دەنگدانەوەو ماددەكانی (19-21-23) بەكۆی دەنگ و ماددەكانی دیكەش بەزۆرینەی دەنگ پەسند كران.
ماددەكانی بیست و چوار تا سی و دووی پڕۆژەكەش تایبەتبوون بەحوكمە كۆتاییەكان و لەگەڵ هۆكارەكانی دەرچوون بەجیا خرانە دەنگدانەوەو بەكۆی دەنگ پەسندكران. 
دواتر سەرۆكایەتیی پەرلەمان كۆی پڕۆژە یاسای رێكخستن و چاندن و گواستنەوەی ئەندامەكانی جەستەی مرۆڤ خستە دەنگدانەوەو بەكۆی دەنگ پەسند كرا. 
پاشان سەرۆكایەتیی پەرلەمان چەند دەنگۆیەكی ناڕاستی رەتكردەوە لەبارەی ئەوەی گوایە سەرۆكایەتیی پەرلەمان رێگربووە لەناردنی چەكی قورس بۆ رۆرژئاڤاو لەوبارەیەوە رایگەیاند: "لێرەو لەوێ چەند پڕوپاگەندەیەكی نادروست سەریهەڵداوە، لێرەوە بەشایەدیی سەرجەم فراكسیۆنە بەشداربووەكانی ئەم دانیشتنە روونی دەكەینەوە كەسەرباری ئەوەی رێگەدرا سەرجەم فراكسیۆن و پێكهاتەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان بەئازادانە هەڵوێستی خۆیان لەسەر دۆخی عەفرین و بەئامادەبوونی نوێنەری خەڵكی كانتۆنی عەفرین دەرببرن، لیژنەیەك لەئەندامییەتی سەرجەم فراكسیۆنەكانیش راسپێردران بۆ پوختكردنەوەو جێكردنەوەی سەرجەم هەڵوێست و پێشنیازەكان دەستی بەكار كردو رەشنووسێكی چەند خاڵیی ئامادە كردووەو دواتریش بەناوی پەرلەمانی كوردستان بڵاودەكرێتەوە". 
سەرۆكایەتی پەرلەمان جگە لەوەی دووبارە سەرجەم ئەو پروپاگەندەو تۆمەتە ناراستانەی رەتكردەوە، هیوایان خواست كە هەڵوێستی هاوشێوە دووبارە نەبنەوە. 
دواتر لەلایەن پەرلەمانتار سالار مەحمود، بەنوێنەرایەتیی سەرجەم فراكسیۆن و پێكهاتەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان، رەشنووسی راسپاردەكان خوێندرایەوە، كە لە دوو بەش پێكهاتبوو و چەند خاڵێك لەخۆ دەگرێت.
پاشان جێگری سەرۆكی پەرلەمان، سوپاس نوێنەرانی خەڵكی عەفرینی كرد  بۆ ئامادەبوونیان، هەروەها لەچوارچێوەی پێشنیازەكان، پێشنیازی ئەوەكرا كە 111 نەمامی زەیتون وەك پشتگیرییەك لەخەڵكی عەفرین و رێزگرتن لەقوربانیانی و نیشاندانی رۆحی ئاشتییانەی كورد، لەباخچەی پەرلەمان بچێندرێت. 
هەروەها جێگری سەرۆكی پەرلەمان راشیگەیاند: "دوای ئەوەی راسپاردەكان رێكارە پێویستییەكانی تەواو دەكرێن بەفەڕمی بڵاو دەكرێنەوە".
دواتر بریاردرا تەواوكردنی خاڵەكانی دیكەی بەرنامەی كار لەدانیشتنی سەعات 10 سەرلەبەیانی سبەی چوارشەمە 2018/1/31، تەواو بكرێت.
ژ.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure