دیاریكردنی رۆژی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم كێشه‌ی تێده‌كه‌وێت

هەواڵ / کوردستان :: 30/01/2018‌ :: 496‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
به‌هۆی ناكۆكی له‌نێوان فراكسیۆنه‌كاندا، په‌رله‌مانی كوردستان ناتوانێت پرسی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان یه‌كلایی بكاته‌وه‌، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتیش به‌شێك له‌فراكسیۆنه‌كان تۆمه‌تبار ده‌كات. 


ئومێد خۆشناو، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ دواڕۆژی وت "وه‌ك فراكسیۆنی پارتی پاڵپشتی له‌دیاریكردنی رۆژی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین". 

سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى وتیشى "هه‌ندێك له‌فراكسیۆنه‌كان نایانه‌وێت هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌كاتى خۆیدا ئه‌نجام بدرێت و كێشه‌ش بۆ په‌رله‌مان دروستده‌كه‌ن، تاوه‌كو رۆژى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كان دیارى نه‌كرێت".

هاوكات دلێر ماوه‌تى، سه‌رۆكى فراكسیۆنى سه‌وز له‌په‌رله‌مانى كوردستان بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، فراكسیۆنه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كاندایه‌ له‌ كاتى خۆیدا، به‌ڵام كۆمسیۆن له‌وماوه‌یه‌دا ناتوانێت ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ر له‌ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق ته‌واو بكات.

ماوه‌تى ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، هه‌فته‌ى رابردوو داوایان له‌كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردن و راپرسى هه‌رێم كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى رۆژى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كان دیارى بكات، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا كۆمسیۆن وه‌ڵامى نه‌داونه‌ته‌وه‌. 

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ڵامی نوسراوه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ دیاریكردنی رۆژی هه‌ڵبژاردنه‌كان ناداته‌وه‌، سه‌رۆكی فراكسیۆنی سه‌وز روونیكرده‌وه‌، دیاریكردنی رۆژی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان جگه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مان هیچ كه‌س و لایه‌نێك ناتوانێت ئه‌و بڕیاره‌ ده‌ربكات و ئه‌و نوسراوه‌شی ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مان كراوه‌ جگه‌ له‌دروستكردنی فشار هیچ شتێكی تر نه‌بوو.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure