فڕۆكه‌یه‌كى توركیا تێكشكێنرا
ژمارەی قوربانیانی عەفرین بەرزدەبێتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 29/01/2018‌ :: 627‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رەڤەند گوھەرزی
ھێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین و دەوروبەری به‌رده‌وامه‌ و به‌پێى ئاماره‌كان تائێستا نزیكه‌ى 90 هاووڵاتى مەدەنی گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە 205 کەسی دیکەش برینداربوون کە 26 لە کوژراوەکان منداڵن.


شیرین عەفرینی، چالاکی مەدەنی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 29ى كانونى دووه‌مى 2018 بە دواڕۆژی وت "لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپراسیونی سوپای تورکیا و چەکدارە ھاوپەیمانەکانی بۆ داگیرکردنی عەفرین، ھێزە ئاسمانییه‌كانی ئەو وڵاتە زیاتر خەڵکی مەدەنییان کردووەتە ئامانج بە تایبەت لە شێرەوا، جندرێس، بلبل، راجۆ و شەڕا .

وتیشی "تەنیا لە ناحیەی شێرەوا لە ئەنجامی بۆردومانی ھێزە ئاسمانییەکانی تورکیا 13 ئه‌ندامى خێزانێك گیانیان لە دەستداوە کە دایک و باوک تەواوی منداڵەکانیان بونه‌ته‌ قوربانى جگه‌ له‌ زیانە ماددییەکان و خاپورکردنی ماڵەکەیان".

شه‌ممه‌ى رابردوو 20ى كانونى دووه‌م ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌ركۆمارى توركیا ده‌ستپێكردنى په‌لامارى وڵاته‌كه‌ى بۆ سه‌ر كانتۆنى عه‌فرین له‌ رۆژئاواى كوردستان راگه‌یاند.

بەوتەی شیرین، سوپای تورکیا تائێستا زیاتر لە 120 ھێرشی ئاسمانی کردووەتەسەر کانتۆنه‌كه‌.

ئه‌و چالاكه‌ له‌باره‌ى ئامارى قوربانیان رایگه‌یاند، 89 ھاووڵاتی مەدەنی گیانیان لە دەستداوە کە 26 لەوانە مناڵن و 30ى تریش ژن بوون و زیاتر لە 205 کەسی تریش برینداربوون. بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرتێك تایبه‌ت به‌ قوربانیانى مه‌ده‌نى کلیک لێرە بکە.

له‌لایه‌كى دیکه‌وه‌ بروسک حەسەکە، وتەبێژی یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل (یەپەگە) لە کانتۆنی عەفرین بە دواڕۆژی رایگەیاند، ئەمڕۆ شەڕڤانانی یەپەگە و ھەسەدە لە گوندی شیل تەحتێ سەر بە ناحیەی بلبل فڕۆکەیەکی ھەواڵگریی سوپای تورکیایان تێکشکاند.

وتیشی "ئەو فڕۆکەیە لە جۆری (دەرون)ـە کە رۆژانە به‌ ئاسمانى ناوچه‌كه‌دا دەسوڕایەوە".

بروسک ئاماژەى بەوەشدا، پاشنیوەڕۆی ئەمرۆ شەڕ و پێکدادانێکی سەخت لە گوندی حەمامێ سەر بە ناحیەی جندرێس دەستیپێکردووە.

سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى 10 رۆژ به‌سه‌ر ده‌ستپێكردنى هێرشه‌كانى توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین تێپه‌ڕیوه‌، به‌ڵام سوپاى ئه‌و وڵاته‌ نه‌یتوانیوه‌ هیچ پێشڕه‌وییه‌كى ئه‌وتۆ تۆماربکات. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure