هه‌ولێر: نرخی زه‌وی به‌ڕێژه‌ی 100% به‌رزده‌بێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 29/01/2018‌ :: 6277‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
كۆمپانیایه‌كى بوارى كڕین و فرۆشتنى خانووبه‌ره‌ ئاشكراى ده‌كات، له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى 2018وه‌ نرخی زه‌وی  و خانووبه‌ره‌ به‌شێوه‌یه‌كى  ناسروشتى  به‌رزبوەته‌وه‌، پێشبینیش ده‌كرێت نرخه‌كان  زیاتر  به‌رزببنه‌وه‌.


سه‌لام فه‌قێ كه‌ریم، به‌رێوه‌به‌رى كۆمپانیاى حاجى سه‌لام كه‌ ساڵانه‌ له‌ هه‌ولێر رێژه‌ى گۆڕانكارى له‌ نرخه‌كانى زه‌وى و خانوبه‌ره‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 29ی كانوونی دووه‌می 2018، رایگه‌یاند، نرخه‌كان له‌ ساڵى 2017 دا  زۆر دابه‌زین، به‌ڵام له‌ ساڵى 2018دا  زۆر به‌ ناسروشتى  روو له‌ به‌رزبونه‌وه‌یه‌.

وتیشی "له‌ 2003 تا 2012 نرخ به‌ ئاسایى به‌رزبوەوه‌، له‌ 2012 تا حوزه‌یرانى 2014 قۆناغێكى دیكه‌ به‌رزبونه‌وه‌ى نرخه‌كان ده‌ستیپێكرد و ئه‌م ماوه‌یه‌ش نرخى خانوبه‌ره‌ و زه‌وی گه‌یشته‌ لوتكه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆى نرخى نه‌وت و باشبوونى بژیوى هاووڵاتیان بوو".

وتیشى "قۆناغى سێیه‌م له‌ 2014 تا ساڵى 2016 بازاڕ به‌ره‌و دابه‌زین رۆیشت و دابه‌زینه‌كه‌ ئاسایى بوو، به‌ڵام ساڵى 2016 به‌هۆى قه‌یرانى دارایی نرخه‌كانى خانووبه‌ره‌ به‌ڕێژه‌ی 50% دابه‌زین".

رونیشیكرده‌وه‌، له‌ مانگى ئایارى 2016 تا 16ی تشرینى دووه‌مى  2017، نرخ به‌ ئاسایى داده‌به‌زى و له‌ 16ی تشرینى دووه‌میش به‌دواوه‌  تا 25ى 12ى ساڵى 2017 نرخ به‌رده‌وام بوو له‌ دابه‌زین، به‌ڵام له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى 2018  نرخى زه‌وى به‌ ناسروشتى به‌رزبوەوه‌ و  پێشبینیش ده‌كرێت نرخه‌كان به‌رده‌وام به‌رزببنه‌وه‌.

كۆمپانیای حاجی سه‌لام له‌ سنوری پارێزگای هه‌ولێر 20 ئۆفیسی كڕین و فرۆشتنی خانووبه‌ره‌ و زه‌وی هه‌یه‌ و رۆژانه‌ 60 فه‌رمانبه‌ر ده‌وامی تێدا ده‌كه‌ن و رۆژانه‌ نرخی خانوو و زه‌وی به‌پێی نرخی كات و رۆژ تۆمار ده‌كه‌ن.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure