فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌بردنى یه‌كێتى هه‌ڵبژێردراوه‌

هەواڵ / کوردستان :: 29/01/2018‌ :: 1032‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌سه‌ر زۆرینه‌ى كێشه‌ ناوخۆییه‌كانیان گه‌یشتونه‌ته‌ رێككه‌وتن و چه‌ند خاڵێكیان ماوه‌ چاره‌سه‌رى بكه‌ن، ده‌شڵێت "ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌بردنى حزب له‌ ماڵى كاك كۆسره‌ت هه‌ڵبژێردراوه‌".


ئه‌گه‌رچى بڕیاربوو ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 29ى كانونى دووه‌م، كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت "ئه‌مڕۆ هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى رەسمى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى ئه‌نجامنادرێت، چونكه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ئه‌مجاره‌ كۆتاجار بێت كۆببینه‌وه‌ له‌سه‌ر پرسه‌ ناوخۆییه‌كان".

وتیشى "كۆبوونه‌وه‌ى ناڕه‌سمى بۆ ئاماده‌كارى بۆ كۆبوونه‌وه‌ى رەسمى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى به‌رده‌وامه‌".

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، جه‌ختیشى كرده‌وه‌ "مه‌كته‌بى سیاسى هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ و زۆرینه‌ى كێشه‌كان تێپه‌ڕیون، كێشه‌كان زۆر كه‌من له‌چاو جاران، به‌ڵام هه‌ندێك خاڵ ماون ئه‌وانه‌ش تێپه‌ڕێنین چاره‌سه‌ر ده‌بن".

باسى له‌وه‌شكرد "ئێمه‌ رێككه‌وتووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى چواره‌مین كۆنگره‌ى یه‌كێتى له‌ 5ى ئازارى ئه‌مساڵ ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام له‌ كۆبوونه‌وه‌ى رەسمى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى ده‌یكه‌ینه‌ ره‌سمى و رایده‌گه‌یه‌نین".

ئاشكراشیكرد "له‌ماڵى كاك كۆسره‌ت ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌بردنى یه‌كێتى هه‌ڵبژێردراوه‌ و ئێستا كار بۆ ئه‌وه‌ده‌كه‌ین قاڵبى ره‌سمى بده‌ینێ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى بۆچى به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كان نه‌ده‌بوون؟ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، وتى "ئێمه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ كار ده‌كه‌ین كه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ رێژه‌ى یاسایى خۆى وه‌رگرت ئه‌وه‌ى نه‌هاتووه‌ كه‌س رێى لێنه‌گرتووه‌، له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌وه‌ش كۆنابینه‌وه‌ كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌ندامان ئاماده‌بن".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى، جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌ "به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌سه‌ر پرسه‌ ناوخۆییه‌كان ده‌گه‌ینه‌ رێككه‌وتن".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure