سلێمانی؛ یەکەیەکی فریاکەوتنی خێرا بەشێوازێکی نوێ دەکرێتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 29/01/2018‌ :: 560‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
بەمەبەستی چارەسەرکردنی خێرای ھاووڵاتیان لەشاری سلێمانی، یەکەیەکی نوێی فریاکەوتن بەشێوازێکی پێشکەوتوو لەنەخۆشخانەی شۆڕش دەکرێتەوە.

 

چالاک قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی شۆڕشی فێرکاری لە لێدوانێکدا بۆ دواڕۆژ وتی "نەخۆشخانەکەمان چەند ساڵێکە بەشی فریاکەوتنی ھەیە، بەڵام بەھەوڵی کۆمەڵێک خێرخواز و سەرمایەداری شاری سلێمانی لەئێستادا کارمان لەسەر گەورەکردن و فراوانکردنی بەشێوەیەکی پێشکەوتوو کردووە".

وتیشی "لەئێستادا لە سەدا 80ی کارەکانی ئەو بەشە تەواوبووە و تا کۆتایی مانگی سێ ھەوڵ دەدرێت بکرێتەوە و گەورەترین بەشی فریاکەوتن دەبێت لەشاری سلێمانی و بەباشترین ئامێر، هاوکات 30 تەختەی نەخۆش لەخۆدەگرێت و ھۆڵی نەشتەرگەری، تیشک، سۆنەر، دەرمانخانە و ئەو شتانەی پێویستبێت بۆ فریاکەوتن دابین دەکرێت و لەسەدا 85ی ئامێرەکانیش دابینکراون".

لەبارەی ھەبونی کارمەندی پێویست بۆ ئەو بەشە، ئاماژەی بەوەشدا "کارمەندی تەواومان ھەیە، بەڵام پێدەچێت پێویستمان بە پزیشکی خولاو دەوری ھەبێت کە تازە دەرچون ئەوەش لەلایەن وەزارەتەوە دامەزراندنیان بۆ دەکرێت و ئێمەش بەنیازین داوا لەوەزارەت بکەین کۆمەڵێک پزیشکمان بۆ ئەو بەشە بۆ دابمەزرێنن".

ئاماژەی بەوەشدا کە ھەموو ھاووڵاتیان دەتوانن سود لەو بەشی فریاکەوتنەی نەخۆشخانەی شۆڕش ببینن و سەردانی بکەن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure