ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی لیستی برایەتی لەگەڵ پارێزگاری کاتی کەرکوک

هەواڵ / کوردستان :: 28/01/2018‌ :: 485‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی کانونی دووەم لیستی برایەتی لەگەڵ راکان سەعید جبووری پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت کۆبوەوە، ئامادەبوویەکی کۆبونەوەکەیش ناوەڕۆکی دانیشتنەکە ئاشکرادەکات.


ئەڵماس فازڵ ئەندامی لیستی برایەتی و بڕیاردەری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدواڕۆژی وت"لەکۆبونەوەکەدا پرسی گۆڕانکاری لەپۆستە ئیدارییەکان و دابەشکردنی بەرێژەی لەسەدا 32 بەسەر پێکهاتەکاندا لەگەڵ داگیرکردنی زەوی و زاری جوتیارانی کوردو پرسی دەرکردنی خێزانە کوردەکان لەگەڕەکی نەورۆز تاوتوێکراوە".

وتیشی "تەواوی ئەو کێشانەمان بەبەڵگە و نوسراوی فەرمی خستە بەردەمی و نیگەرانی خۆشمان دەربڕی لەبەرامبەر ئەو بڕیارانەی دەریچاندووە".

بەوتەی ئەندامەکەی لیستی برایەتی، راکان سەعید جبووری پشتیوانی خۆی بۆ داواکارییەکەیان دەربڕیوە سەبارەت بە گرێبەستە کشتوکاڵیەکان کە ژمارەیان 5 هەزارو 670 گرێبەستە و لەسەردەمی رژێمی بەعس کراونەتە سەر عەرەبی هاوردە و داواشیکرد ئەو پرسە لەرێگەی دادگاوە یەکلاییبکرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەیش بڕیاریدا لەرۆژانی داهاتوودا لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحیەی شوان و ناوچەکانی دیکە کۆببێتەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure