هۆکاری بایکۆتکردنی دانیشتنی پەرلەمان لەلایەن کوردەوە ئاشکرادەکرێت

هەواڵ / کوردستان :: 28/01/2018‌ :: 142‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق، باس له‌ هۆكارى بايكۆتكردنى دانيشتنى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 28ی کانونی دووەمى په‌رله‌مانى عێراق ده‌كات كه‌ زۆرينه‌ى فراكسيۆنه‌كان و فراكسيۆنه‌ كوردييه‌كان به‌و هۆيانه‌وه‌ دانيشتنى په‌رله‌مانيان بايكۆتكرد، سه‌ربارى ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر هه‌يه‌، كورد دووباره‌ سبه‌ينێش کۆبونەوەکان بايكۆت بكاته‌وه‌.

ئه‌شواق جاف، په‌رله‌مانتارى فراكسيۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌دواڕۆژى راگه‌ياند، له‌به‌رئه‌وه‌ى كورد و عه‌ره‌بى سوننه‌ و په‌رله‌مانتارانى به‌سره‌، ره‌خنه‌مان هه‌بوو، له‌ پڕۆژه‌ياساى بودجه‌، كورد نۆ خاڵى هه‌يه‌، ئه‌وانيش به‌ش به‌حاڵى خۆيان ره‌خنه‌ و تێبينيیان هه‌يه‌، نه‌چووينه‌ هۆڵى دانيشتنى په‌رله‌مانه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى نيسابى ياسايى دانيشتنه‌كه‌ ته‌واو نه‌بێت، خوێندنه‌وه‌ى يه‌كه‌م بۆ پرۆژه‌ ياساى بودجه‌ نه‌كرێت.

روونيشيكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر بچينه‌ ژووره‌وه‌ خوێنده‌وه‌ى يه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌ياساكه‌ بكرێت، واته‌ ئه‌و ياسايه‌ شه‌رعييه‌تى وه‌رگرت، ئيتر په‌رله‌مان ناتوانێت هيچ زياده‌يه‌ك بخاته‌سه‌رى، ته‌نیا ده‌توانێت گواستنه‌وه‌ بكات، يان كه‌مى بكاته‌وه‌، بۆيه‌ نامانه‌وێت خوێندنه‌وه‌ى يه‌كه‌ميشى بۆ بكرێت، تا نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت يان عه‌بادى نه‌يه‌ته‌ په‌رله‌مان و زيادى نه‌كات.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ جه‌ختيشيكرده‌وه‌، بۆ سبه‌ينێش پڕۆژه‌ياساى بودجه‌ له‌ به‌رنامه‌ى دانيشتنه‌كه‌ ده‌ركرا، به‌ڵام پڕۆژه‌ياساى هه‌ڵبژاردنى پارێزگاكان تاوتوێده‌كرێت كه‌ له‌سه‌ر ماده‌كانى تايبه‌ت به‌ كه‌ركوك ماوه‌، ديسانه‌وه‌ كورد ره‌نگه‌ بايكۆتى بكاته‌وه‌.

ئاشكراشيكرد، عه‌ره‌ب و توركمان ده‌ڵێن دابه‌شكردنى پۆسته‌كان به‌پێى 32% بێت بۆ نه‌ته‌وه‌كان و پرسى كه‌ركوك په‌رله‌مان يه‌كلاى بكاته‌وه‌، ئێمه‌ش وه‌ك فراكسيۆنه‌ كوردييه‌كان ئه‌و بژاردانه‌ ره‌تده‌كه‌ينه‌وه‌، ده‌ڵێين ده‌بێت، پرسى كه‌ركوك ده‌ستوور يه‌كلاى بكاته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌رێككه‌وتنى فراكسيۆنه‌كانى ناو په‌رله‌مان بۆ بايكۆتكردنى دانيشتنه‌كان، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ره‌تيكرده‌وه‌ هيچ رێككه‌وتنێك هه‌بێت له‌ نێوان فراكسيۆنه‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ى نيسابى ياسايى دانيشتنه‌كه‌ ته‌واو نه‌كرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure