"عەرەب و توركمان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان لۆژیكی هێز بەكاردێنن"

هەواڵ / کوردستان :: 29/01/2018‌ :: 186‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پرسی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، عه‌ره‌ب و توركمان لۆژیكی هێز له‌دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ كورد به‌كارده‌هێنن.


پرسی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ پڕۆژه‌یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان هێشتا یەكلایی نەبۆتەوە، په‌رله‌مانتارێكی كوردیش ده‌ڵێت "هیچ رێككه‌وتنێكی نوێ له‌نێوان پێكهاته‌كاندا نییه‌ و عه‌ره‌ب و توركمان له‌پێگه‌ی هێزدان به‌راورد به‌كورد".

زۆربه‌ی بڕگه‌ و ماده‌كانی پڕۆژەیاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و قه‌زا و ناحییه‌كانی عێراق په‌سه‌ندكراوه‌ و ته‌نها ئه‌و بڕگه‌یه‌ ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك و له‌نێوان پێكهاته‌كانی ئه‌و شاره‌شدا بیروبۆچونی جیاواز له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌.

شوان داودی، ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ دواڕۆژ ی وت "له‌ماوه‌ی رابردوودا به‌سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆكی په‌رله‌مان چه‌ند دانیشتنێك له‌نێوان نوێنه‌رانی پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی كه‌ركوك ئه‌نجامدرا و دواجار گه‌یشتینه‌ چاره‌سه‌ر و ته‌نها دوو بڕگه‌ مابوه‌وه‌ كه‌ یه‌كلاییبكه‌ینه‌وه"‌.

وتیشی "ئه‌و دوو خاڵه‌ی ناكۆكبووین له‌سه‌ری ئه‌وانه‌ بوون كه‌ توركمان و عه‌ره‌ب ده‌یانه‌وێت چاره‌نوسی كه‌ركوك په‌رله‌مان یه‌كلاییبكاته‌وه‌ و ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت به‌پێی ده‌ستور بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌و خاڵه‌ی كه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت له‌دوای پێداچوونه‌وه‌ به‌تۆماری ده‌نگده‌ران هه‌ڵبژاردن بكرێت".

 

بەڕای داودی، ئەوان له‌گه‌ڵ پێداچوونه‌وه‌یان به‌تۆماری ده‌نگده‌راندا كه‌ دواجار له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ گه‌یشتبونه‌ رێككه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی په‌سه‌ند بكرێت، به‌ڵام وەك ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی دەڵێت "نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری پێشووی كه‌ركوك بووه‌ هۆكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌مان".

شوان داودی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، ئێستا عه‌ره‌ب و توركمان هه‌وڵده‌ده‌ن پڕۆژه‌یاساكه‌ په‌سه‌ند بكرێت، چونكه‌ ئه‌وان له‌پێگه‌ی هێزدان و كوردیش لاوازبووه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و خاڵه‌ ناكۆكانه‌ش له‌گه‌ڵماندا قسه‌یان نه‌كردووه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure