"لێبڕینى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانی عێراق له‌م مانگه‌دا نایاساییه‌"

هەواڵ / ئابوری :: 29/01/2018‌ :: 805‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق، رایده‌گه‌یه‌نێت، لێبڕینى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌مانگى كانوونى دووه‌مدا پێچه‌وانه‌ى یاساییه‌، ده‌ڵێت پێویسته‌ ئه‌و پاره‌یه‌ى لێیان بڕاوه‌ له‌م مانگه‌دا بۆیان بگه‌رێته‌وه‌.

فالح سارى، جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 28ی کانونی دووەم له‌ نووسراوێكدا كه‌ ئاڕاسته‌ى وه‌زاره‌تى دارایى كردووه‌ ده‌ڵێت "لێبڕینى 3،8% له‌ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌ مانگى كانونى دووه‌مدا، پێچه‌وانه‌ى یاسایه‌، به‌پێى ئه‌حكامه‌كانى یاساى كارگێڕى دارایى و قه‌رزى گشتى {94} ساڵى 2004 كه‌ باس له‌ دیاریكردنى بودجه‌ى ساڵى دارایى و كارپێكردنى ده‌كات له‌و ساڵه‌ى یاساى بودجه‌ى تیادا ده‌رده‌كرێت".

به‌پێى ماده‌ى (33) له‌ یاساى بودجه‌ى گشتى فیدرالى ژماره‌ (44) ساڵى 2017، ده‌بێت رێژه‌ى 3،8% له‌ كۆى مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ى سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانى ده‌وڵه‌ت و كه‌رتى گشتى و خانه‌نشینه‌كان ببڕدرێت، بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پێداویستییه‌كانى خه‌رجییه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى و پاڵپشتیكردنى ئاواره‌كان و خه‌رجییه‌كانى ترى ده‌وڵه‌ت به‌پێى ئه‌و یاسایه‌ى بودجه‌ى ساڵى 2017.

سارى ده‌شڵێت "به‌وپێیه‌ به‌رده‌وامبوونى له‌ بڕینى ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران نایاساییه‌، هیچ پاڵپشتێكى یاسایى و ده‌ستوورى نییه‌، به‌ سه‌رپێچى له‌ یاساى كارگێڕى دارایى و بودجه‌ى گشتى فیدرالى داده‌نرێت".

جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ "لیژنه‌ى دارایى به‌ نایاسایى ده‌بینێت له‌و لێبڕینه‌ له‌ساڵى 2018 هه‌بێت، ده‌بێت ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure