به‌فر جموجۆڵی بازرگانی و مه‌ده‌نی له‌ مه‌رزى حاجی ئۆمه‌ران وه‌ستاند

هەواڵ / ئابوری :: 28/01/2018‌ :: 329‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 
به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی حاجی ئۆمه‌ران رایده‌گه‌یه‌نێت  له‌ سه‌نته‌ری ناحیه‌ی حاجی ئۆمه‌ران زیاتر له‌ نیو مه‌تر به‌فر باریوه‌، به‌ڵام ڕێگاكه‌ له‌و سنوره‌ ئاساییه‌، بازرگانێكیش رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ به‌هۆی به‌فری زۆره‌وه‌ هاتوچۆ له‌ دیوی پیرانشار په‌كی كه‌وتوه‌. 


فه‌رزنگ ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ر ناحیه‌ی حاجی ئۆمه‌ران له‌ لێدوانێكدا به‌دواڕۆژی راگه‌یاند "له‌ شه‌وی ڕابردوه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ زیاتر له‌ نیو مه‌تر به‌فر له‌ سه‌نته‌ری ناحیه‌ی حاجی ئۆمه‌ران باریوه‌، به‌ڵام تیمه‌كانی به‌فر ڕاماڵین تا ئێستا نه‌یانهێشتوه‌ ڕێگاكه‌ دابخرێت". 

وتیشی "تیمه‌كانی به‌فر ڕاماڵین به‌رده‌وام له‌ ئاماده‌باشیدان و ئێستاش سه‌رقاڵی كاركردنن له‌ ڕێگاكه‌دا، بۆ نه‌هێشتنی گرفتی ڕێگاو پاككردنه‌وه‌ی جاده‌ی سه‌ره‌كیش له‌ به‌فر، خوێ به‌كارده‌هێنن". 

له‌باره‌ی دیوی پیرانشاریش فه‌رزنگ ئه‌حمه‌د وتی "زانیاریم له‌سه‌ر دیوی پیرانشار نیه‌ كه‌ ڕێگاكه‌ چۆنه‌، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ زانیاریم هه‌یه‌ كه‌ له‌ دیوی حاجی ئۆمه‌ران ڕێگاكه‌ ئاساییه‌". 

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ جه‌مال قادر، بازرگان له‌ سنوری حاجی ئۆمه‌ران- پیرانشار به‌دواڕۆژی راگه‌یاند " له‌ دیوی پیراشناریش به‌فرێكی زۆر باریوه‌و بازرگان و شوفێرانی بارهه‌ڵگر ناچاربوونه‌ باره‌كانیان له‌ قه‌راغ جاده‌كان ڕابگرن، چونكه‌ ڕێگاكه‌ زۆر ئه‌سته‌م و ناخۆشه‌و هاتوچۆكردنی تێدا مه‌ترسیداره‌و ناتوانرێت هاتوچۆی تێدا بكرێت". 

رونیشیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ دیوی پیراشنار هاتوچۆی مه‌ده‌نی و بازرگانیش ئاسته‌نگی زۆری بۆ دروستبووه‌و هه‌موو جموجۆڵێك په‌كی كه‌وتوه‌، به‌ڵام پێده‌چێت گرفته‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure