حكومه‌تی هه‌رێم له‌باره‌ی نه‌خۆشی ئەنفلۆنزای باڵندەوە رونكردنه‌وه‌ ده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 28/01/2018‌ :: 527‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
به‌هۆی مه‌ترسی گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشی ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌ بۆ ناو هه‌رێم بڕیاریاندرا له‌مه‌ودوا هاورده‌ی مریشك قه‌ده‌غه‌بكرێت، به‌رپرسێكیش رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕی 470 ملیۆن دیناری بۆ رێگریكردن له‌م نه‌خۆشییه‌ ته‌رخانكردووه‌.

میقداد ئیبراهیم، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی تەندروستی ئاژەڵداری لەوەزارەتی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی وت "نەخۆشی ئەنفلۆنزای باڵندە له‌هه‌ندێك شاری عێراق و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر بووه‌ته‌ مایه‌ی مه‌ترسی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان".

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی ئاژه‌ڵداری هه‌رێم وتیشی "بۆ ئەوەی نه‌خۆشی ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌ نەگوازرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا به‌ هه‌موو جۆرێك هاوردەكردنی بەر‌وبوومەكانی باڵنده‌ لە عێراق ‌و وڵاتانی چوارده‌وری هه‌رێم قه‌ده‌غه‌كراوه‌و حكومه‌تی هه‌رێمیش بڕی 470 ملیۆن دیناری بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ ته‌رخانكردووه‌.

له‌باره‌ی هه‌بوونی ئه‌و نه‌خۆشیه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، تاوه‌كو ئێستا هیچ حاڵه‌تێك له‌هیچ شوێنێكی هه‌رێمی كوردستان نه‌ له‌مرۆڤ و نه‌ له‌باڵنده‌ تۆمارنه‌كراوه‌.

 

 هاوكات ئەمڕۆ یەكشەممە 28ی كانونی دووەم وەزارەتی تەندروستی  حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاندراوێكی لەوبارەیەوە بڵاوكردەوەو رایگەیاند" تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی ئەنفلۆنزای باڵندە لە هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوەو تەواوی دارمانی پێویستیش بۆ رووبەڕوو بوونەوەی نەخشییەكە تەرخان كراوە".
دەقی راگەیاندراوەكە:

ئەمڕۆ بەڕێز وەزیری تەندروستی ، سەرپەرشتی كۆبونەوەی لێژنەی باڵای تایبەت بە كۆنتڕۆڵی ئەنفلەوەنزای كرد لە دیوانی وەزارەت . بۆ تاوتوێكردنی ئەو زانیاریانەی باس لە تۆماركردنی چەند حاڵەتێكی نەخۆشی ئەنفلەونزای پەڵەوەر دەكات لە چەند پارێزگایەكی ناوەڕاستی عێڕاق و كۆماری ئیسلامی ئێران .

بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێكاری خۆپارێزی پێوویست لە هەرێمی كوردستان، بڕیاردرا بە :_
۱. كاراكردنەوەی لێژنەی باڵای كۆنتڕۆڵی ئەنفلوەنزا لەهەرێمی كوردستان ، بەسەرۆكایەتی وەزیری تەندروستی و ئەندامێتی وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەكانی تر .

۲. پێكهێنانی ژووری كار لە پارێزگاكانی هەرێم بەسەرۆكایەتی بەڕێز پارێزگار و ئەندامێتی لایەنە پەیوەندارەكانی تر لە ئاستی پارێزگا .

۳. هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڤێتەرنەری ،بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و كاری هاوبەش و گرتنەبەری ڕێوشوێنە ڤێتەرنەریە پێوویستەكان بۆ ڕێگری لە هاتن و بڵاوبونەوەی نەخۆشیەكە لە پەلەوەر 

٤. بەهێزكردنی ڕێكارەكانی پەتاگەری و دەستنیشانكردنی نەخۆشیەكە ڵە نەخۆشخانە و دەزگاتەندرووستیەكانی هەرێم 

٥. دابینكردنی دەرمان و پێوویستی خۆپارێزی كەسی و پێداویستیە تاقیگەیەكان بۆ دەستنیشانی نەخۆشیەكە .

٦. دیاریكردن و ئامادەكردنی قاوشی جیاكردنەوەی نەخۆش لە یەكێك لە خۆشخانەكان لەهەر پارێزگایەك بۆ ئەو حاڵەتانەی گومانی نەخۆشیەكەیان لێدەكرێت.
۷. بڵاوكردنەوەی  هۆشیاری تەندروستی  بۆ هاووڵاتیان 

ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی 
      ۲۰۱٨/۱/۲٨



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure