له‌یەک مانگدا 13 كۆگاى ده‌رمان له‌هه‌ولێر داخراون

هەواڵ / کوردستان :: 29/01/2018‌ :: 269‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لى 
قایمقامى ناوه‌ندى هه‌ولێر رایگه‌یاند، له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا له‌سه‌ر هێنانى ده‌رمانى كوالێتی نزم و فرۆشتنى ده‌رمانى ساخته‌ 13 كۆگاى ده‌رمان له‌هه‌ولێر داخراون.

نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قایمقامى ناوه‌ندى هه‌ولێر بە دواڕۆژی راگەیاند، هۆكارى داخستنى ئه‌م كۆگاى ده‌رمانانە بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ده‌رمانى ساخته‌ و ماوه‌به‌سه‌رچوویان فرۆشتوه‌ بە هاوڵاتیان و به‌شێك له‌كۆگاكانیش ده‌رمانى كوالێتی نزمیان له‌ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ى هه‌رێم كردووه‌.

وتیشى "له‌گه‌ڵ سەندیکای دەرمانسازان و کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەرمان هه‌ماهه‌نگى ته‌واوكراوه‌ بۆ قه‌ده‌غه‌كردنى هێنانى ده‌رمانى ساخته‌ و ماوه‌ به‌سه‌رچوو و كوالێتی نزم، وه‌ك قایمقامیش له‌رێگه‌ى پۆلیسى شاره‌وانییه‌وه‌ هه‌ر كۆگا و كۆمپانیایه‌ك سه‌رپێچى رێنماییه‌كان بكات ده‌ستبه‌جێ دایده‌خەین".

ناوبراو ئاشكراشیكرد، سه‌رجه‌م كۆگاكان خاوه‌نه‌كانیان عه‌ره‌ب و كوردن و ده‌رمانیان له‌سنوره‌كانى عێراقه‌وه‌ هێناوه‌ته‌ ناو هه‌ولێر و به‌بڕى یه‌ك ملیۆن دینار سزاى مادى دراون و بۆ ماوه‌یه‌كى نادیاریش كۆگاكان داخراون.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure