پارتی: بەمەرج بەشداری هەڵبژاردنەکان لەکەرکوک دەکەین

هەواڵ / کوردستان :: 28/01/2018‌ :: 1102‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادى 
وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى له‌ كه‌ركوك باس له‌وه‌ ده‌كات، پێشتر له‌سه‌ر یه‌ك لیستى له‌ كه‌ركوك رێككه‌وتبوون، به‌ڵام گۆڕان و كۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانى لێى چونه‌ده‌ره‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت به‌رپرسیارێتى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ هه‌ڵبگرن و بە مەرجیش بەشداری هەڵبژاردنەکان لەو شارە دەکەن. 

عه‌دنان كه‌ركوكى، وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ كه‌ركوك بۆ دواڕۆژ ئاشكرایده‌كات، به‌و مه‌رجه‌ به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن له‌ كه‌ركوك كه‌ ئه‌و شاره‌ به‌هاوبه‌شى به‌ڕێوه‌ببرێت.  
 
سه‌باره‌ت به‌ لاوازبوونى پێگه‌ى كورد له‌ ئه‌نجامى بوونى فره‌ لیستى له‌ كه‌ركوك عه‌دنان كه‌ركوكى وتى، "ئه‌وانه‌ى یاساى هه‌ڵبژاردنیان له‌ په‌رله‌مانى عێراقدا داڕشتووه‌ته‌وه‌ زۆرینه‌ن و له‌ به‌رژه‌وه‌ندى هاوپه‌یمانێتییه‌ گه‌وره‌كاندایه‌، هه‌ر لیستێك له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌بێت له‌ 59 هه‌زار ده‌نگ كه‌متر نه‌هێنێت ئینجا ده‌توانێت یه‌ك كورسى په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنێت، بۆیه‌ پێشبینى ناكه‌ین كورسییه‌كانى كورد وه‌كو خۆى بمێنێته‌وه‌، هۆكاره‌كه‌شى ئه‌وانه‌ن كه‌ یه‌كه‌مجار لیسته‌كانى خۆیان جیاكرده‌وه‌، گۆڕان و كۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانى خه‌تابارن".

وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى له‌ كه‌ركوك باسى له‌وه‌شكرد، پێشتر به‌ یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستانمان وتووه‌ كه‌ قبوڵمانه‌ لیستى هاوبه‌ش پێكبهێنین، ته‌نانه‌ت لۆگۆ و ناوى لیسته‌كه‌شمان قبوڵبوو، بڕیاربوو كۆبونه‌وه‌یه‌ك بكرێت له‌سه‌ر هه‌ندێك ورده‌كارى، به‌ڵام دواتر گۆڕان و كۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانى لیستى خۆیان جیاكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ى هه‌موومان هه‌وڵمان بۆدا ئه‌و سێ لایه‌نه‌ تێكیاندا. 

وتیشی "له‌و ناوچانه‌ 12 لایه‌نى عه‌ره‌بى بێسه‌روبه‌ر هه‌ن، به‌ڵام هه‌موویان له‌ یه‌ك لیستدا كۆبوونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌كه‌مجار شیعه‌ و سووننه‌ به‌یه‌ك لیست به‌شدارى ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان كاریگه‌رییه‌كى ئه‌وتۆى نابێت بۆ ئه‌وه‌ى عه‌ره‌ب و توركمان باڵاده‌ست بن، چونكه‌ ده‌ستور ئه‌و ناوچانه‌ى به‌ جێناكۆك ناساندووه‌".

كه‌ركوكى مه‌رجى پارتى بۆ به‌شداریى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كه‌ركوك خسته‌ڕوو، وتى "ده‌بێت ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌ربازییه‌ له‌ كه‌ركوك نه‌مێنێت و به‌هاوبه‌شى ئه‌و ناوچانه‌ به‌ڕێوه‌به‌رین".

وته‌بێژى پارتى له‌ كه‌ركوك ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، پێشبینى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن حه‌شدى شه‌عبى و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ كه‌ركوك ده‌ست له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان وه‌ربده‌ن و ئه‌وه‌ى له‌ده‌ستیان بێت ده‌یكه‌ن.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure