نهێنیى كه‌وتنى سوپاى توركیا و شكسته‌كانى له‌ عه‌فرین چییه‌؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 27/01/2018‌ :: 1938‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
شارى عه‌فرین كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ى نزیكه‌ى 55 بۆ 60 هه‌زار كه‌سه‌ و هه‌موویان كوردن، پێشتر خۆى بۆ شه‌ڕى دژى سوپاى توركیا ئاماده‌كردبوو. هه‌ڵكه‌وته‌ جوگرافییه‌كه‌ى به‌رزونزمى و دۆڵ و شاخ و گرد و گردۆڵكه‌ى سه‌خت و قایمه‌. به‌هۆى هاوكاریى یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل و سوپاى ئه‌مریكاوه‌، هێزه‌ كوردییه‌كان مین و ته‌قه‌مه‌نى-یان به‌ قورسایى نیو ته‌ن له‌ژێر زه‌ویى هه‌موو ده‌روازه‌كانى شار و ئه‌و رێگایانه‌دا چاندووه‌ كه‌ سوپاى توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانى لێوه‌ى تێده‌په‌ڕن.  

 
هێزه‌ كوردییه‌كان، سه‌نگه‌ر و مه‌ته‌رێزى قایم و پته‌وى شاراوه‌ و نادیاریان لێداوه‌ كه‌ مووشه‌كى ئه‌مریكیى دژه‌ تانك-یان تێدان، له‌و جۆرانه‌ى پێشتر به‌كارنه‌هێنراون و ته‌نانه‌ت جۆر و ناوه‌كانیشیان پێشتر رانه‌گه‌یه‌نراوه‌. ئه‌م مووشه‌كانه‌ زۆر به‌هێز و و كاریگه‌ر و ئامانجپێكن و له‌ چوارچێوه‌ى سیستمى هایڵ فایه‌ر-ى نوێى ئه‌مریكان كه‌ تانك و زرێپۆش و ئامانجه‌ پته‌وه‌كانیش هه‌ڵده‌ته‌كێنن. 

كاتێك تانكه‌كانى توركیا بۆ پشتیوانیى یه‌كه‌ى وشكانیى موغاویر په‌لامارى ناوچه‌ كوردییه‌كه‌ى دا و نزیكه‌ى سێ كیلۆمه‌ترێك پێشڕه‌وییان كرد، سوپاى یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل به‌شێك له‌ مینه‌چێنراوه‌كانى ته‌قانده‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 22 تانك-ى توركى تێكشكێنران. له‌ئه‌نجامدا ره‌تڵى تانكه‌كانى توركیا په‌كیكه‌وت و ئه‌م زیانه‌ گه‌وره‌یه‌ و كوژران و بریندابوونى زیاتر له‌ 40 سه‌ربازیش، گه‌یه‌نرایه‌ فه‌رمانده‌یى سوپا.

هه‌رچى شه‌ڕڤانى یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل-یش بوو، له‌ شوێنه‌كانى خۆیاندا به‌جێگیریى مانه‌وه‌. سوپاى توركیایش كه‌وته‌ نێوان ئاگرى چه‌كه‌كانى یه‌په‌گه‌وه‌ كه‌ به‌ چه‌كى قورس له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ له‌ هێزه‌كه‌ى توركیایان ده‌دا. بۆیه‌ فه‌رمانده‌یى باڵاى سوپاى توركیا بارى نائاسایى راگه‌یاند و فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانى جۆرى ئێف-16ى نارد بۆ بۆردوومانكردنى شارى عه‌فرین به‌ بۆمبى قورس و مووشه‌ك، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى هێزه‌كانى یه‌په‌گه‌ له‌ سه‌نگه‌رى پته‌و و پارێزراودا بوون بۆیه‌ هێرشى فڕۆكه‌كانیش زیانێكى ئه‌تۆى پێنه‌گه‌یاندن مه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كى كه‌م نه‌ك قورس.

لێره‌دا سوپاكه‌ى توركیا هه‌ستى به‌ دۆڕان و شكستى خۆى كرد، كه‌س له‌وباوه‌ڕه‌دا نه‌بوو سوپاى توركیا، كه‌ دووه‌م سوپاى په‌یمانى ناتۆیه‌، له‌سه‌ر ده‌ستى هێزه‌كانى یه‌په‌گه‌ تووشى ئه‌م شكسته‌ گه‌وره‌یه‌ ببێت. پێشتر سه‌ركردایه‌تیى سوپاى توركیا پێیوابوو كه‌ ماوه‌ى ته‌نیا هه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو شارى عه‌فرین داگیربكات.

فه‌رمانده‌یى سوپاى توركیا، جارێكى تر یه‌ك لیواى ته‌واوى زرێپۆش و تانك و سێ لیواى پیاده‌ى نارد بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر عه‌فرین، به‌ڵام سوپاى یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌لى كورد، ته‌كتیكى شه‌ڕه‌كه‌ى گۆڕى و هێزى گواسته‌وه‌ بۆ ناوقه‌دى رێگه‌ى به‌ره‌و عه‌فرین، هه‌ر كه‌ هێزه‌كه‌ى توركیایش نزیك بووه‌وه‌، به‌ مووشه‌كى ئه‌مریكى جۆرى هایڵ فایه‌ر، كه‌ له‌سه‌ر شانه‌وه‌ ده‌ته‌قێنرێت و ئاراسته‌ ده‌كرێت، لێیدا و به‌شێكى زۆرى له‌ زرێپۆش و تانكه‌ توركیه‌كان تێكشكاند. 

توركیا به‌رگه‌ى ئه‌م زیانه‌ زۆره‌ى نه‌گرت، بۆیه‌ فڕۆكه‌ ئێف-16كانى نارد بۆ بۆردوومانكردنى ناوه‌ندێكى سوپاى ئه‌مریكا له‌ شارى منبج له‌ ریف حه‌ڵه‌ب كه‌ 2000 سه‌ربازیى ئه‌مریكیى تێدایه‌ و له‌و هێرشه‌دا دوو راوێژكاریى ئه‌مریكى كوژران. ئه‌مه‌یش به‌ پێكدادانێكى راسته‌قینه‌ى نێوان هه‌ردوو سوپاى توركیا و ئه‌مریكا داده‌نرێت، به‌ڵام سوپاى ئه‌مریكا بڕیارى هه‌ڵكشانى دۆخه‌كه‌ى نه‌دا و داواى نه‌كرد فڕۆكه‌ ئێف-15كان له‌ عێراقه‌وه‌ بفڕن بۆ لێدانى فڕۆكه‌كانى توركیا به‌ ئاسمانى سوریاوه‌، ئه‌گه‌رچى سوپاى ئه‌مریكا ده‌توانێت له‌ ئاسمانه‌وه‌ له‌ فڕۆكه‌كانى توركیا و هێزى ئاسمانیى توركیا بدات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌مریكا هۆشداریى دایه‌ توركیا به‌وه‌ى كه‌ هه‌ر هێرشێكى هه‌وایى بۆ سه‌ر سه‌ربازه‌ ئه‌مریكیه‌كان وه‌ڵامێكى توندى ده‌درێته‌وه‌. به‌مجۆره‌ 16 سه‌ربازى تورك دیلكران و ژماره‌ك كوژراو و برینداریشیان لێكه‌وته‌وه‌.

سوپاى توركیا هێرشه‌كه‌ى وه‌ستان و ده‌ستیكرد به‌ گواستنه‌وه‌ى تانك و زرێپۆشه‌ سووتاو و تێكشكێنراوه‌كان و كوژراو و برینداره‌كانى، به‌ڵام توانیى نزیكه‌ى 28 شه‌ڕڤانى یه‌كینه‌كان بكوژێت و 11 ى دیكه‌یش ده‌ستگیربكات كه‌ پێده‌چێت ده‌ستبه‌جێ ئیعدامى كردبن.

ئه‌مجاره‌یان سوپاى توركیا به‌هێزێكى گه‌وره‌تره‌وه‌ هێرشى كرده‌وه‌، تانك و زرێپۆش-ى زیاترى هێنا و بۆ ماوه‌ى شه‌ش سه‌عات به‌ به‌رده‌وامى و به‌ تۆپى قورس و دوورهاوێژ بۆردوومانى عه‌فرین-ى كرد ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ بۆردوومانى چڕى له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌ ئێف-16كانیه‌وه‌. ئینجا سوپا كه‌وته‌ پێشڕه‌ویى، به‌ڵام دیسانه‌وه‌ دۆڕا و هه‌ڵمه‌تێكى توندى كرایه‌ سه‌ر كه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان-ى سه‌رۆكى توركیاى تووشى شۆكێكى توند كرد. 

ئێستا سوپاى توركیا ناتوانێت به‌ره‌و عه‌فرین پێشڕه‌ویى بكات، مه‌گه‌ر زۆر به‌زه‌حمه‌ت. سوپاى سوریاى ئازاد-یش كه‌ له‌ قۆڵى باشور و باكورى خاكى سوریاوه‌ په‌لامارى بۆسه‌ر عه‌فرین ده‌ستپێكردووه‌، توانیویه‌تى 14 شارۆچكه‌ى بچووكى ده‌وروبه‌رى عه‌فرین بگرێت به‌ڵام نه‌یتوانیوه‌ بگاته‌ رێگاى عه‌فرین.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ سوپاى توركیا تووشى ئه‌و دۆڕان و شكسته‌ گه‌وره‌یه‌ ببێت، ئێستا هه‌موان چاوه‌ڕێى هێرشێكى دیكه‌ى توركیان كه‌ سه‌دان تانك و تۆپى قورس و زرێپۆش و یه‌كه‌ى مغاویر و یه‌كه‌ى تایبه‌تى بۆ خڕكردووه‌ته‌وه‌ و له‌ژێر بۆردوومانى چڕى فڕۆكه‌ و تۆپ-دا ده‌یه‌وێت په‌لامارى عه‌فرین بداته‌وه‌، به‌ڵام هێزى یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌لى كورد رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ناهێڵێت سوپاى توركیا عه‌فرین داگیربكات. بێجگه‌ له‌وه‌یش هێزى پشتیوانیى شه‌ڕڤانه‌ كورده‌كان به‌پێ و به‌ كاروانى ئۆتۆمبێل له‌ عێراق و ئێران و به‌تایبه‌ت له‌ عێراق و باكورى سوریاوه‌ گه‌یشتوون بۆ یارمه‌تیدانى شه‌ڕڤانه‌كانى ناو شارى عه‌فرین و رێگرتن له‌وه‌ى كه‌ سوپاى توركیا داگیریى بكات.

فه‌رمانده‌یى سوپاى توركیا زانیارییه‌كانى ده‌رباره‌ى شكسته‌كانیان شاردووه‌ته‌وه‌ و ئاشكراى نه‌كردبوو تا ئه‌وكاته‌ى ته‌له‌فزیۆنه‌كانى بریتانیا و ئه‌مریكا هه‌ندێك له‌ بابه‌ته‌كه‌یان ئاشكراكرد، ئینجا توركیا دانینا به‌ به‌شێك له‌ زیانه‌كانى و بێتوانییان له‌ پێشڕه‌ویكردن به‌ره‌و شارى عه‌فرین. 

هه‌رچى سوپاى سوریا-یشه‌ كه‌ له‌ژێر فه‌رمانده‌یى به‌شار ئه‌سه‌د-ى سه‌رۆكى سوریادایه‌، ته‌واوى ناوچه‌كه‌ى جێهێشتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى نه‌كه‌وێته‌ شه‌ڕى سوپاى توركیا و له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى پاراستنى گه‌لى كورد-یشدا پێكدانه‌ده‌ن. به‌ دووریى 40 كیلۆمه‌تر له‌ ناوچه‌ى پێكدادانه‌كان دووركه‌وتووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ قه‌باره‌ى شه‌ڕه‌ تونده‌كه‌ى دیوه‌ و زانیویه‌تى كه‌ چۆن سوپاى توركیا نه‌یتوانیوه‌ پێشڕه‌ویى بكات، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌ویش بكه‌وێته‌ پێشڕه‌ویى ئه‌وا ره‌نگه‌ زیانێكى قورسى به‌ربكه‌وێت.

ماكس تایلۆر وته‌بێژى پێنتاگۆن ده‌ڵێت "سوپاى توركیا به‌شێوه‌یه‌كى به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراو هێرشى نه‌كرده‌سه‌ر عه‌فرین و وایدانابوو كه‌ هێزێكى گه‌وره‌ ده‌توانێت سوپاى پاراستنى گه‌لى كورد له‌ناوبه‌رێت، بۆیه‌ شكستى سوپاى توركیا شتێكى ئاسایى بوو، چونكه‌ بێ نه‌خشه‌یه‌كى داڕێژراو و بێ پلانێكى مه‌یدانى هێرشه‌كه‌ى ئه‌نجامداوه‌ نه‌ك وه‌ك ئه‌و هێرشانه‌ى كه‌ یه‌كه‌كانى سوپاى په‌یمانى ناتۆ ده‌یكه‌ن. ئێستا په‌یمانى ئه‌تڵه‌سى دۆخى سوپاى توركیا له‌ عه‌فرین به‌ دۆخێكى سه‌خت و دژوار ده‌بینێت و نایه‌وێت دووه‌م سوپاى په‌یمانه‌كه‌ بكه‌وێته‌ كێشه‌ى دۆڕان له‌به‌رامبه‌ر كورد-دا، چونكه‌ ئه‌وكاته‌ كاردانه‌وه‌ى توركیا توند ده‌بێت و كوشتار و قه‌تڵوعامى كورده‌كان ده‌كات و سوپاى توركیا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر هه‌موو ناوچه‌ كوردییه‌كان و پڕۆسه‌ى كۆكوژكردنیان ئه‌نجام ده‌دات. ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌یمانى ناتۆ نایه‌وێت رووبدات. ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین یارمه‌تیى سوپاى توركیا بده‌ین، به‌ڵام له‌مكاته‌دا سوپاى توركیا له‌ شارى عه‌فرین و له‌به‌رده‌م هێزى سوپاى پاراستنى گه‌لى كورددا تووشى ته‌نگژه‌یه‌كى گه‌وره‌ بووه‌". 

سه‌رچاوه‌: ئه‌لدیار
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure