دواڕۆژ ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بڵاودەكاتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 25/01/2018‌ :: 450‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كەمال
ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "رۆژی شەممەی داهاتوو هەموو ئەندامانی ئەنجومەنەكەیان پێكەوە بڕیاری كۆتایی لەبارەی كۆنگرە ‌و سەرجەم پرسەكانی دیكەی ناو حزب دەدەن".


ئاسۆس عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كە ئەمڕۆ بەشدار بوو لە كۆبوونەوەكە، بە دواڕۆژی وت "كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بەردەوام دەبێت بۆ رۆژی شەممەی داهاتوو".

وتیشی "ئەمڕۆ دەستەی بەڕێوەبردن هەڵنەبژێردرا و رۆژی كۆنگرە یەكلایی نەكرایەوە، هەموو پرسەكان هەڵگیراون بۆ رۆژی شەممە و لەو كۆبوونەوەیەدا یەكلاییان دەكەینەوە".

ئاسۆس عەلی، ئاماژەی بەوەشدا "ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەكەدا دەردەشەی رۆژی كۆنگرە و هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبردن و میكانیزمەكەیان كرا، گەیشتینە خاڵی هاوبەشی زۆرباش و شەممە كۆتایی بە هەمووی دەهێنین و بڕیاری كۆتایی دەدەین".

باسی لەوەشكرد "لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ 32 ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی بەشداربوون".

ئەوەشی خستەڕوو "لە كۆبوونەوەكەدا هەریەك لە مەلا بەختیار و عومەر فەتاح و عیماد ئەحمەد بەشدارنەبوون، كۆمەڵێ‌ خاڵی هاوبەشی زۆرباش و پەیامی ئەو برادەرانەشی تێدابوو كە ئامادە نەبوون، بەڵام نیگەرانی لەناو كۆبوونەوەكە و دەرەوەی كۆبوونەوەكەش هەبوو".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی، جەختیشی كردەوە "نزیكبووینەتەوە لە بڕیار، ئەو برادەرانەی تریش كە خەڵكی تێكۆشەر و رەمزی یەكێتین رۆژی شەممە دێن بەشداری كۆبوونەوەكە دەكەن و هەموومان پێكەوە بەشداری لە بڕیاردان دەكەین".

سەبارەت بەوەی ئایا فوئاد مەعسوم وەك چی ئامادەبووە لە كۆبوونەوەكەدا؟، ئاسۆس عەلی، وتی "وەك دامەزرێنەری یەكێتی و سەرۆك كۆماری عێراق، كە بەردەوام لە خەمی یەكێتی بووە و فكرەی باشی چارەسەركردنی بۆ دۆخی یەكێتی پێبووە، مافی بەشداریكردن و بانگهێشتكردنی هەیە و رۆڵی باشی چارەسەری بینیوە و سوپاسیشمان كردووە".

وتیشی "فوئاد مەسعوم بەشێكە لە رێككەوتنی نێوان لایەنە ناكۆكەكانی ناو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی و ئەو دیدی هەیە". 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە