بزوتنه‌وه‌ و یه‌كگرتووى ئیسلامى لیستێکى هاوبه‌شیان راگەیاند

هەواڵ / کوردستان :: 25/01/2018‌ :: 345‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ نێوان حزبه‌كه‌ی و یه‌كگرتووی ئیسلامیدا بڕیاریانداوه‌ به‌ لیستێكی ئیسلامی هاوبەش به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 25ی كانونی دووه‌می 2018، سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین  ئه‌منیداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان سه‌ردانی عیرفان عه‌بدولعه‌زیز، رابه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كرد و به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ له‌كۆبوونه‌وه‌كەدا باسیان له‌ ره‌وشی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ كردووه‌.

هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان هه‌ردوو كه‌سی یه‌كه‌می ئه‌و دوو حزبه‌ ئیسلامییه‌ و به‌ ئاماده‌بوونی چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی دیکە، رێككه‌وتوون له‌سه‌ر پێكهێنانی لیستێكی ئیسلامی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو.

سه‌رباز خۆشناو، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی نێوان رابه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ و ئه‌منیداری گشتی یه‌كگرتوو بڕیاردراوه‌ به‌ پێكهێنانی  لیستێكی ئیسلامی".

وتیشی "بزوتنه‌وه‌ و یه‌كگرتوو رێكکه‌وتوون بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بزوتنه‌وه‌ پاڵپشتی له‌ لیستی یه‌كگرتووی ئیسلامی بكات و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانیشی هان ده‌دات ده‌نگ به‌ لیستی یه‌كگرتوو بده‌ن و بزوتنه‌وه‌ش كاندیدی له‌ لیسته‌كه‌ی یه‌كگرتوودا ده‌بێت".

سه‌رباز خۆشناو وتیشی "هه‌ر چه‌ند كۆمه‌ڵی ئیسلامی پێشتر رایگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌ لیستێكی سه‌ربه‌خۆ به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات، به‌ڵام جارێكی تر داوایان لێده‌كرێته‌وه‌ كه‌ بێنه‌ ناو لیسته‌ ئیسلامییه‌كه‌، گه‌ر هاتن ئه‌وا هه‌رسێ لایه‌نی ئیسلامی و چه‌ند كه‌سایه‌تی و بانگخوازێكی تری سه‌ربه‌خۆی ئیسلامی به‌شدار ده‌بن له‌ دروستكردنی لیسته‌كه‌ ئه‌گه‌رنا بزوتنه‌وه‌ و یه‌كگرتووى ئیسلامى لیسته‌ هاوبه‌شه‌كه‌ دروست ده‌كه‌ن".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure