کەرکوک: پارتی و یه‌كێتی به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌ی حزبه‌ كوردستانییه‌كانیان نه‌كرد

هەواڵ / کوردستان :: 24/01/2018‌ :: 553‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی کانونی دووەم کۆبونەوەی حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک بۆ تاوتوێكردنى هه‌ڵبژاردن و پێكهێنانى هاوپه‌یمانى ئەنجامدرا، به‌ڵام هەریەک لە یەکێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەشدارییان نه‌كرد.


لەدوای کۆبوونەوەکە سەید عەدنان، بەرپرسی مەڵبەندی كه‌ركوكى یەکگرتووی ئیسلامی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پرسی هەڵبژاردن تاوتوێکرا و بەپێویستمانزانی هەوڵەکان بخەینەگەڕ بۆ بەشداریكردن بەیەک لیست، بەڵام پێشتر سەرکەوتونەبووین.

وتیشی، "لەئێستادا عەرەبی سوننە داوایکردووە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان مۆڵەتی 24 کاتژمێری دیکە بدات تاوەکو هاوپەیمانی نوێ پێکبهێنن، ئێمەیش ئەو دەرفەتەمان بەهەلزانی بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەکی نوێ لەکەرکوک کە سەرجەم حزبە کوردستانییەکان لەخۆبگرێت".

ده‌رباره‌ى هۆكارى به‌شدارینه‌كردنى یەکێتی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، جەنگی عزەدین، بەرپرسی پەیوەندییەکانی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی بە دواڕۆژی وت، "بڕیاربوو من بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا بکەم، منیش قەناعەتم بە کۆبوونەوەکە نەبوو و بەشداریم تێدا نەکرد".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure