به‌ڵگه‌: ته‌عریبكردنه‌وه‌ی زه‌ویه‌ كشتوكاڵییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ ناوچه‌ی شوان ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 25/01/2018‌ :: 171‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
ژماره‌یه‌ك عه‌ره‌بی هاورده‌ی رژێمی به‌عس گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ناحیه‌ی شوان له‌باكوری كه‌ركوك و داوای زه‌وییه‌كانی باشوری ناحیه‌كه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پێش ساڵی 2003 كشتوكاڵییه‌كان تێیدا كردووه‌، یه‌كه‌ی كشتوكاڵی شوانیش له‌نوسراوێكدا وه‌ڵامی ئیداره‌ی كه‌ركوك ده‌داته‌وه‌.


رزگار عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ناحیه‌ی شوان به‌دواڕۆژی وت: له‌ 4 رۆژی رابردوودا 15 عه‌ره‌بی هاورده‌ی سه‌رده‌می سه‌دام حسێن هاتونه‌ته‌ ناحیه‌ی شوان و ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر ئه‌و زه‌ویانه‌ی پێشتر له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه‌ پێیان به‌خشرابوو.

وتیشی "ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ نوسراوی راكان سه‌عید جبووری، پارێزگای كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵی كه‌ركوكیان پێیه‌".

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، له‌هه‌وڵدان بۆ دروستكردنی كۆمیته‌یه‌ك له‌ته‌واوی ناحیه‌ و قه‌زاكانی كه‌ركوك به‌مه‌به‌ستی سه‌ردانیكردنی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ تاوه‌كو ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ربكه‌ن.

هاوكات یه‌كه‌ی كشتوكاڵی شوان نوسراوێكی به‌ ژماره‌ 82 له‌به‌رواری 23ی كانونی دووه‌می ئه‌مساڵ ئاڕاسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵی كه‌ركوك كردووه‌ و له‌وه‌ڵامی نوسراوه‌كه‌یاندا هاتووه‌ "گرێبه‌ستی سه‌رجه‌م ئه‌و عه‌ره‌به‌ هاوردانه‌ی ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زه‌وییه‌كانیان به‌پێی یاسا هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌و مافی گه‌ڕانه‌وه‌شیان نییه‌".

له‌ ساڵی 1998وه‌ تاوه‌كو 2003 به‌شێك له‌زه‌وییه‌كانی باشوری ناحیه‌ی شوان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ دراوه‌ته‌ جوتیارانی عه‌ره‌بی هاورده‌ و گرێبه‌ستی كشتوكاڵیان بۆ كراوه‌، له‌ئێستادا دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كانی كورد له‌كه‌ركوك وه‌كو هه‌ڵ ده‌زانرێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌كان بۆ سه‌ر زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانیان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure