عه‌فرین له‌گێژاوى شه‌ڕ و رێككه‌وتنه‌كاندا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 24/01/2018‌ :: 157‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
رۆژنامه‌كانى ئه‌لدیار و ئه‌لحه‌یات و ره‌ئى ئه‌لیوم، چه‌ند راپۆرت و بابه‌تێكیان ده‌رباره‌ى دۆخى كانتۆنى عه‌فرین-ى خۆرئاواى كوردستان، له‌ دواى ده‌ستپێكردنى هێرشه‌كانى سوپاى توركیا، بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌ پوخته‌یه‌كى ئاماده‌كراوى ئه‌و بابه‌تانه‌یه‌.


نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاماده‌ى پرۆسه‌یه‌كى مرۆییه‌ بۆ عه‌فرین
ستیڤان دۆجاریك نوێنه‌رى ئه‌میندارى گشتى رێكخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند، رێكخراوه‌كه‌ ئاماده‌ى ده‌ستپێكردنى پرۆسه‌یه‌كى فراوانى گه‌یاندنى یارمه‌تییه‌ مرۆییه‌كانه‌ بۆ دانیشتوانى شارى عه‌فرین.

دۆجاریك وتى "ئه‌گه‌ر شه‌ڕه‌كه‌ به‌رده‌وام بێت گه‌یاندنى ئه‌و كۆمه‌كه‌ مرۆییانه‌ كارێكى قورس و زه‌حمه‌ت ده‌بێت، بۆیه‌ زۆر نیگه‌رانین له‌و راپۆرتانه‌ى كه‌ ده‌رباره‌ى دۆخى ناوچه‌كه‌ پێمان ده‌گه‌ن".

هه‌روه‌ها وتى "نزیكه‌ى 324 هه‌زار كه‌س له‌ناوچه‌ى شه‌ڕه‌كه‌دان و له‌و ژماره‌یه‌یش 126 هه‌زاریان ئاواره‌ى ناوچه‌كانى دیكه‌ى سوریان". 

كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى كۆتاییهات
كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ تاوتوێكردنى هێرشه‌كانى سوپاى توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌كانى كانتۆنى عه‌فرین، كۆتایى هات و هیچ سه‌ركۆنه‌كردن یان راگه‌یه‌نراوێكى هاوبه‌ش ده‌رباره‌ى بارودۆخه‌كه‌ بڵاونه‌كرایه‌وه‌.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر داواى حكومه‌تى پاریس بووه‌ و له‌ كۆتایى كۆبوونه‌وه‌كه‌یشدا فرانسوا دولاته‌ر باڵیۆزى فره‌نسا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان جارێكى تر نیگه‌رانى توندى وڵاته‌كه‌یى دووپاتكرده‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ دۆخى هه‌ڵكشاوى باكورى سوریا.

دولاته‌ر، هه‌مان هه‌ڵوێستى جان ئێف لۆردیان وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فره‌نساى راگه‌یانده‌وه‌ كه‌ پێشتر داواى له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى توركیا كردبوو "دان به‌خۆداندا بگرن". 

باڵیۆزى ئه‌مریكا به‌شداریى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى نه‌كرد
بێجگه‌ له‌ نوێنه‌رى فره‌نسا له‌ رێكخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، هیچكام له‌ باڵیۆزه‌كانى دیكه‌ى وڵاتان له‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كه‌دا، ته‌نانه‌ت دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش-یش، لێدوانیان نه‌داوه‌ و هه‌ڵوێستێكى روون و ئاشكراى خۆیان له‌به‌رامبه‌ر له‌شكركێشیه‌كه‌ى سوپاى توركیا بۆ ناو خاكى سوریا و په‌لاماردانى كانتۆنى عه‌فرین-ى خۆرئاواى كوردستان، ده‌رنه‌بڕیوه‌.

هه‌روه‌ك، نیكى هایلى باڵیۆزى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مریكا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌شداریى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى نه‌كردووه‌ و نازانرێت كه‌ هۆكارى ئاماده‌نه‌بوونى چى بووه‌.

به‌ڵام پێشتر رێكس تیله‌رسۆن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا نیگه‌رانیى خۆى به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانى توركیا راگه‌یاندووه‌.  

دواى عه‌فرین توركیا (ناوچه‌ى ئارام) داده‌مه‌زرێنێت
داواكاریه‌كه‌ى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات، له‌ هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تیى به‌ سه‌رۆكایه‌تى واشنتۆن كه‌ دیارترین پشتیوانیان بوو، به‌وه‌ى به‌رامبه‌ر هێرشى توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ى عه‌فرین به‌رپرسیارێتى له‌ئه‌ستۆ بگرێت و وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌یان، هێڵه‌پانه‌كانى هه‌ردوو دیمه‌نى سیاسى و سه‌ربازیى له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌رده‌خات.

به‌دووریش نازانرێت كه‌ دواى به‌دیهێنانى ئامانجه‌كان له‌ عه‌فرین، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان قۆناغى دووه‌مى سه‌رخستنى به‌رنامه‌كه‌ى ده‌ست پێبكات كه‌ دامه‌زراندنى (ناوچه‌یه‌كى ئارام)ى له‌چه‌كداماڵراوى كورده‌ پشتتگیریریكراوه‌كانه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، بۆ ئه‌وه‌ى سنووره‌كانى توركیا بپارێزێت. 

روسیا ئاگاداره‌ و ئه‌مریكا و ئێران و سوریایش بێده‌نگن
له‌كاتێكدا هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌مریكا و ئێران و سوریا، جۆرێك له‌ بێده‌نگییان به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانى توركیا بۆ سه‌ر كانتۆنى عه‌فرین و به‌زاندنى سنوورى سوریا هه‌ڵبژاردووه‌، سه‌رۆكى توركیا ده‌ڵێت ئۆپراسیۆنه‌كه‌ به‌ ئاگاداریى روسیا بووه‌. به‌ڵگه‌ى ئه‌م قسه‌یه‌ى ئه‌ردۆغان-یش كشانه‌وه‌ى راوێژكاره‌ رووسه‌كانه‌ له‌ شارى عه‌فرین-ه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ى ته‌ل ره‌فعه‌ت. به‌دووریش نازانرێت كه‌ "رێككه‌وتنێكى هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌بێت و تاقه‌ قوربانیى رووداوه‌كانیش هه‌ر كورده‌كان بێت وه‌ك چۆن به‌درێژایى چه‌ندین گرێ بوونه‌ته‌ قوربانیى رێككه‌وتنه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا".

بێده‌نگیى ئێران تاڕاده‌یه‌ك روونه‌. وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیایش نامه‌یه‌كى بۆ دیمه‌شق ناردووه‌ كه‌ هێشتا هیچ جموجووڵێكى به‌رامبه‌ر له‌شكركێشیه‌كه‌ى توركیا نییه‌، ئه‌مریكایش هه‌ڵوێستێكى ئاشكراى ده‌رنه‌بڕیوه‌ و روسیایش راوێژكاره‌كانى كشاندووه‌ته‌وه‌، هه‌رچى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیشه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى بێئه‌نجامى كۆتایى پێهێناوه‌، له‌ناو ئه‌م دۆخه‌دا هه‌موو ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ن كه‌ رێككه‌وتنى ژێربه‌ژێر هه‌بێت و وه‌ك هه‌میشه‌ كورد باجه‌كه‌ى بدات.  

ئه‌مریكا جه‌نگى عه‌فرینى هه‌ڵگیرساند
ده‌گوترێت ئه‌وه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بوو كه‌ جه‌نگى عه‌فرین-ى هه‌ڵایساند، چونكه‌ ریان دالۆن وته‌بێژى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر رایگه‌یاندبوو "ئه‌مریكا سه‌رقاڵى پێكهێنانى سوپایه‌كى نزیكه‌ى 30 هه‌زار سه‌ربازییه‌ كه‌ نیوه‌یان له‌ هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات ده‌بێت". ئه‌و هێزه‌ى یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل-یه‌په‌گه‌- بڕبڕى پشتین.

ئه‌گه‌رچى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا هه‌وڵیدا له‌ توندیى ئه‌م بڕیاره‌ى وڵاته‌كه‌ی كه‌م بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌ردۆغان-ى تووڕه‌ كرد و كردیه‌ بیانوویه‌ك بۆ په‌لاماردانى عه‌فرین و هێرشى سوپاكه‌ى و هێزه‌ لایه‌نگره‌كانى خۆى كه‌ نه‌یارى سوریان، بۆ سه‌ر ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى كورده‌كان. 

ئه‌ردۆغان: له‌ عه‌فرینه‌وه‌ ده‌چینه‌ مه‌نبه‌ج
سه‌رۆكى توركیا ده‌ڵێت "ورده‌ ورده‌ هه‌تا ده‌گه‌ینه‌ سنووره‌كانى عێراق، وڵاته‌كه‌مان پاكده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌و تیرۆریسته‌ پیسانه‌ى كه‌ ده‌یانه‌وێت گه‌مارۆمان بده‌ن".

وتیشى "ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى ده‌رباره‌ى مه‌نبه‌ج پێماندراون جێبه‌جێ نه‌كرێن، كه‌س ناتوانێت رێگریمان لێ بكات له‌ ئه‌نجامدانى ئه‌وه‌ى پێویسته‌ بیكه‌ین". مه‌به‌ستى ئه‌ردۆغان له‌و به‌ڵێنانه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێشتر ئه‌مریكا وتوویه‌تى "یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل -یه‌په‌گه‌- ده‌كشێنه‌وه‌". 

ئه‌ردۆغان ده‌ڵێت "بوونمان له‌م جوگرافیایه‌دا و له‌ 1000 ساڵى رابردوودا، به‌هۆى ئازایه‌تى و خۆڕاگریمانه‌وه‌ بووه‌". 

ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure