پارتی و یه‌كێتی بۆ پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆچوونی جیاوازیان هه‌یه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 23/01/2018‌ :: 521‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان پێشنیازی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان دەکات‌ بۆ دوای مانگی ئه‌یلولی ئه‌مساڵ، به‌رپرسی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی پارتیش ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، پارتی له‌گه‌ڵ پێشخستنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌.


یەکێتی نیشتمانی کوردستان پشتگیری لەهەڵبژاردنی پێشوەخت ناکات و داواده‌كات ئەو پرۆسەیە لەدوای مانگی ئه‌یلولی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، به‌بیانووی ئاماده‌نه‌بوونی ئه‌و حزبه‌و هاتنه‌پێشه‌وه‌ی كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی.

لای خۆیه‌وه‌ خه‌سره‌و گۆران، لێپرسراوی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارتی بۆ دواڕۆژ، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، بەپێی یاساكانی هەرێم كە ئەم خولەی پەرلەمان تەواو دەبێت، دەبێت هەڵبژاردنی نوێ ئەنجامبدرێت، ئێمە دەزانین كۆمسیۆن داوای لەحكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە كە وادەی هەڵبژاردنەكان دیاری بكات، بۆ ئەمەش سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كردووه‌ بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكان.

ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، پارتی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگێكی كه‌مدا به‌باشترین بژارده‌ ده‌زانێت، بەتایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌حكومه‌ت كشایه‌وه‌.

ده‌شڵێت "هه‌وڵی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم له‌ ئارادایه‌، ئه‌م هه‌وڵه‌ش به‌ ئاراسته‌یه‌كی خراپ ده‌شكێته‌وه‌، چونكه‌ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان كێشه‌كان زیاتر ده‌كات".

لای خۆیەوە فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بۆ دواڕۆژ وتی "داوادەکەین خولی ئێستای پەرلەمانی کوردستان و حکومەت تاوەکو ئەو وادەیەی بۆیان درێژکراوەتەوە دەستبەکاربن کە مانگی ئەیلولی 2018یەو ئەوکات هەڵبژاردن بکرێت".

ده‌ڵێت "له‌كۆبوونه‌وه‌كانی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یەکێتی چه‌ند پرسێك تاوتوێده‌كرێت، له‌ نێویشیاندا پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان، بۆیه‌ جارێ هیچ وه‌ڵامێكی پارتیان نه‌داوه‌ته‌وه‌".

ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 6ی تشرینی دووه‌می ساڵی 2017، بۆ ماوه‌ی دوو خولی په‌رله‌مان كورتكرایه‌وه‌ تا مانگی ئه‌یلولی ئه‌مساڵ، له‌ ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌ هه‌رێم، پێویسته‌ په‌رله‌مان ته‌مه‌نی خۆی بۆ ماوه‌ی یه‌ك خول كورتبكاته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ردوو فراكسیۆنی پارتی و یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی كوردستان ناكۆكییان هه‌یه‌ له‌سه‌ر كورتكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان و واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان.

دلێر ماوه‌تی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتیی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند "چ کاتێک کۆمسیۆنی باڵا ئامادەیی تەواوی تێدابوو تۆماری دەنگدەرانی پاککردەوە و بە تەواوی دەستیکرد بە بژارکردنی و هیچ کێشەیەکی تێدا نەبوو، ئەو کاتە کاتێکی گونجاوە بۆ هەڵبژاردن ، بەڵام پێمانوایە هەڵەیە کە بمانەوێت دووبارە بەخێرایی و بەپەلە وادەیەک دیاریی بکەین".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، په‌رله‌مانی كوردستان ته‌مه‌نی خۆی بۆ ماوه‌ی ساڵێك واته‌ دوو خول درێژكردۆته‌وه‌ به‌ پێی رێككه‌وتنێكی سیاسیش له‌ نێوان چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی، بۆیه‌ پێویسته‌ پارتی رێز له‌و ڕێككه‌وتنه‌ بگرێت و له‌گه‌ڵ كۆتایهاتنی ماوه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان واده‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان دابنرێت".

ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد، پەرلەمان بۆ دوو خول درێژكراوه‌ته‌وه‌، پێش کۆتایی هاتنی خولەکە دەبوایە هەڵبژاردن بکرێت ئێستا کە پێشخراوە پشتگیری كورتكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان ناكه‌ین، ئەمانەوێت لەکاتی خۆیدا بکرێت کە مانگی ئه‌یلوله‌.

لای خۆەیەوە ئومێد خۆشناو، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی بۆ دواڕۆژ، ئەوەی خستەڕوو، پارتی  لەگەڵ دەستکاریکردنی وادەی هەڵبژاردن واتە پێشخستن و دواخستنی نییە، به‌ڵكو پشتگیری له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ده‌كات، به‌پێی ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ كۆمسیۆن دایناوه‌ له‌ 105 ڕۆژ خۆی ده‌بینێته‌وه‌.

وتیشی "ھەر کێشەیەك لەنێوان ھێزەکان ھەیە، ھەرھێزێك ترسی لە ھەڵبژاردن ھەیە، ئەوا نابێته‌  بیانوو بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure