باندێكی ساخته‌كردنی دراو له‌ هه‌ولێر ده‌ستگیرکران

هەواڵ / کوردستان :: 22/01/2018‌ :: 203‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوان له‌ ناو بازاڕی هه‌ولێر شه‌ش كه‌سیان به‌ پاره‌ی ساخته‌وه‌ ده‌ستگیر كرد كه‌ خه‌ریكی ساخكردنه‌وه‌ی پاره‌ی ته‌زویر بوون و سه‌رچاوه‌یه‌كیش رایده‌گه‌یه‌نێت، بانده‌كه‌ كچێكی بیانیان له‌گه‌ڵدابووه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ناو بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی هه‌ولێر كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند، ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ بڕێكی زۆر پاره‌ی ته‌زویر كراوی (یۆرۆ) له‌ناو بازاڕه‌كانی هه‌ولێر بڵاو بوییه‌وه‌ و دوای ئاگادار كردنه‌وه‌ی پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوان تواندرا  چه‌ند كه‌سێك ده‌ستگیر بكرێن كه‌ مامه‌ڵه‌یان به‌ پاره‌ی ساخته‌وه‌ ده‌كرد.

وتیشی "ئه‌و بانده‌ی ده‌ستگیركراون زیاتر له‌ ده‌ هه‌زار یۆرۆی ساخته‌یان هێناوه‌ته‌ ناو بازاڕه‌كانی هه‌ولێر و به‌شێك له‌و پاره‌ ته‌زویره‌یان ئالوگۆڕ پێكردووه‌و كه‌ل و په‌لیان پێكڕێوه‌".

سه‌رچاوه‌كه‌ كه‌ كاری ئالوگۆڕی دراو ده‌كات له‌ بازاڕی دۆلار فرۆشانی هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بانده‌كه‌ شه‌ش كه‌سن و یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی كچێكی بیانییه‌و ئێستا له‌ لایه‌ن پۆلیسی تاوانه‌وه‌ ده‌ست به‌سه‌ر كراون و دراونه‌ته‌ دادگا.


له‌و باره‌یه‌وه‌ دواڕۆژ په‌یوه‌ندی به‌ پۆلیسی هه‌ولێر كرد، به‌رپرسانی پۆلیس ده‌ستگیر كردنی بانده‌كه‌یان ره‌ت نه‌كرده‌ به‌ڵام به‌ بیانوی ته‌واو نه‌بوونی كاره‌كانی دادگا ئاماده‌نه‌بوون  هیچ قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر بانده‌كه‌ بكه‌ن. 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure