یه‌كگرتوو له‌باره‌ى سكاڵاكانی لەسه‌ر خۆپیشانده‌ران بڕیاریدا

هەواڵ / کوردستان :: 22/01/2018‌ :: 171‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان بڕیاریدا به‌ كشانه‌وه‌ی سكاڵاكانی یه‌كگرتوو له‌سه‌ر ئه‌و گه‌نجانه‌ی له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كانی مانگی رابردوو باره‌گاكانیان سوتاندوون‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22ی كانوونی دووه‌می 2018، سه‌لاحه‌َددین به‌ها‌دین ئه‌مینداری یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌ راگه‌یاندراوێكدا، ئاشكرایكرد سه‌رجه‌م سكاڵاكانیان له‌سه‌ر خۆپیشانده‌ران ده‌كشێننه‌وه‌، كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی رابردوو باره‌گاكانی یه‌كگرتوویان سوتاندووه‌.

ده‌قی راگه‌یاندراوه‌كه‌:

 
بڕیاری لێبوردەیی

بسم الله الرحمن الرحیم

ؤالْكَاظِمِينَ الْغَيْظَ ؤالْعَافِينَ عَنِ النَّاسِ ۗ ؤاللَّهُ يُحِبُّ الْمُحْسِنِينَ (ال عمران 134(

له‌ روانگه‌ی هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تی نیشتمانی و ئه‌خلاقی و بۆ گه‌شه‌پێدانی گیانی ئاشته‌وایی و لێ بورده‌یی و وه‌ك چاره‌سه‌رێك بۆ كه‌یسی ئه‌و گه‌نجانه‌ی كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ عه‌زره‌ت بێ هیوایی و گیرفان خاڵیه‌تی و بێكاری و ته‌شه‌نه‌كردنی گه‌نده‌ڵی، له‌ رۆژی (18/12/2017) و رۆژانی دواتر به‌ناوی خۆپیشاندانه‌وه‌ په‌لاماری باره‌گاكانی ئێمه‌یان دا و دایانه‌ به‌ر به‌رد و سوكایه‌تی و سوتاندنیان، كه‌ زۆربه‌ی ئه‌م گه‌نجانه‌ وێنه‌ و ناوه‌كانیشیان له‌ كامیراكانه‌وه‌ دیاره‌ و پارێزراوه‌..
وه‌ك ده‌ستپێشخه‌ریه‌كی مرۆیی و هه‌نگاوێكی سیاسی و پیشه‌ی هه‌میشه‌یی یه‌كگرتوو هه‌روه‌ها به‌ بۆنه‌ی نزیك بوونه‌وه‌ی 24 ساڵه‌ی یادی هه‌ڵكردنی ئاڵای ئاشتی خوازانه‌ی یه‌كگرتووه‌وه‌ ... بڕیارماندا كه‌ له‌ ته‌واوی ئه‌و گه‌نجه‌ په‌لامارده‌رانه‌ خۆش بین و مه‌ڵبه‌ند و لقه‌كان سكاڵاكان له‌ دادگاكان بكێشننه‌وه‌ و چاو پۆشی بكه‌ن له‌و هه‌ڵه‌یه‌ كه‌ نه‌دابینكردنی ماف به‌ باره‌گا سوتاندن ده‌بێ وه‌نه‌ یه‌كگرتووش شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ ..
به‌هیوای ئه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ پشێوی و هه‌ڵه‌یه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌ و میكانیزمی خۆپیشاندان ناشرین نه‌كرێ.
خوا له‌ هه‌موولایه‌كمان خۆش بێ و گه‌له‌كه‌مان به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی ئاسوده‌ و ئارام و ئازاد ببات ..

صلاح الدین محمد بها‌‌‌ءالدین
ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان
21/ 1 /2018



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure