دواڕۆژ وردەکاری كوشتنى چوار ئه‌ندامى یه‌ك خێزان بڵاوده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 22/01/2018‌ :: 25129‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
دواى ئه‌وه‌ى شه‌وى ڕابردوو 21ی کانونی دووەم، ته‌رمى ژنێك دۆزرایه‌وه‌ و سێ كه‌سى دیکەش چاره‌نوسیان نادیار بوو، دواجار ته‌رمى هه‌رسێكیان كه‌ كوژرابوون دۆزرانه‌وه‌ و بكوژه‌كه‌ش له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌.


كه‌سێكى نزیك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌و خێزانه‌ کە كوژراون، نه‌یویست ناوى ئاشكرابكرێت به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، دواى ئه‌وه‌ى له‌ڕۆژى پێنجشه‌ممه‌وه‌ چوار ئه‌ندامى خێزانێكى پێنج كه‌سى دیار نامێنن، دواتر خزم و دراوسێ سه‌ردانى ماڵه‌كه‌ ده‌كه‌ن ده‌بینن ته‌نیا یه‌ك كه‌س له‌ ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ كه‌ كوڕێكى ته‌مه‌ن 15 ساڵە، لەماڵە و كاتێك پرسیاری لێدەکەن دەربارەی ئه‌ندامانى دیکەى خێزانه‌كه‌، ڕاستییان پێناڵێت و ده‌ڵێت نازانم له‌كوێن. 

وتیشی "ئێواره‌ى دوێنێ شوانێك له‌ نزیك گوندى ده‌ڵه‌مه‌ڕ ته‌رمى ژنێك ده‌دۆزێته‌وه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌، كاتێك ده‌ڕۆنه‌ سه‌ر ته‌رمه‌كه‌ ده‌بینن دایكى ئه‌و خێزانه‌یه‌ كه‌ دیارنین، بۆیه‌ پۆلیس ئه‌و كوڕه‌ ده‌ستگیرده‌كات كه‌ له‌ماڵه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌، دواجار له‌ لێكۆڵینه‌وه‌دا دان به‌ تاوانى كوشتنى ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌یدا ده‌نێت و هه‌رشەوى رابردوو ته‌رمى سێ ئه‌ندامه‌کەى تریش دۆزرانه‌وه‌ كه‌ بریتین له‌ باوك و دوو برا، بۆیه‌ به‌شێوه‌یه‌كى گشتى چوار ئه‌ندامى یه‌ك خێزان له‌و ڕووداوه‌دا كوژراون".

ئه‌و كه‌سه‌ نزیكه‌ى كوژراوه‌كان ئه‌وه‌شى باسكرد "باوكه‌كه‌ ته‌مه‌نى نزیكه‌ى 45 ساڵ ده‌بێت و دایكه‌كه‌ 37 ساڵ و دوو براكه‌ش ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 15 بۆ 10 ساڵان ده‌بێت، بكوژه‌كه‌ش ته‌مه‌نى له‌ سه‌روو 15 ساڵه‌وه‌ ده‌بێت و له‌ ئێستادا له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌، به‌ڵام تائێستا ئێمه‌ش نازانین هۆكارى پشت ئه‌و ڕووداوه‌ بۆچى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌".

له‌لایه‌كى دیکه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پزیشكى دادى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌ى بۆ دواڕۆژ خسته‌ڕوو، دواى گه‌یشتنى ته‌رمى ژنێكى ته‌مه‌ن 37 ساڵ هه‌ر شه‌وى ڕابردوو ته‌رمى سێ هاووڵاتى دیكه‌ش كه‌ باوكێك و دوو كوڕ بوون گه‌یشتنه‌ پزیشكى داد و دواى رێكارى یاسایى بۆیان ته‌رمه‌كانیان ڕاده‌ستى كه‌سوكاره‌كانیان كرانه‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure