سبەی پەخشی دەیان کەناڵی هەرێمی کوردستان رادەگیرێت

هەواڵ / کوردستان :: 21/01/2018‌ :: 52112‌ جار بینراوە

تاگ :: میدیا

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان  رایده‌گه‌یه‌نێت، سبه‌ی دووشه‌ممه‌ 22ی كانوونی دووه‌م په‌خشی زۆربه‌ی كه‌ناڵه‌ ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان راده‌گیرێت.


محه‌مه‌د گه‌ردی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی راگه‌یاندن و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا، په‌خشی 70 كه‌ناڵی ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان راده‌گیرێت تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌و كه‌ناڵانه‌ مۆڵه‌ته‌كانیان نوێده‌كه‌نه‌وه‌ و قه‌رزه‌كانیان به‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ده‌ده‌ن".

وتیشى "ئه‌و 70 كه‌ناڵه‌ لۆكاڵییه‌ی هه‌رێم ماوه‌ی مۆڵه‌ته‌كانیان چه‌ند ساڵێكه‌ به‌سه‌رچووه‌ و قه‌رزی ساڵانه‌شیان به‌ حكومه‌ت نه‌داوه‌ كه‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملیار دینار قه‌رزدارى حكومه‌تن".

له‌باره‌ی چاره‌نوسی رادیۆ و كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كانی هه‌رێمیش، محه‌مه‌د گه‌ردی وتی "سه‌ره‌تا بڕیاره‌كه‌ بۆ كه‌ناڵه‌ لۆكاڵییه‌كان جێبه‌جێده‌كرێت، دواتر كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان و رادیۆكان ده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش پابه‌ند نه‌بن به‌و هۆشدارییه‌ی پێمانداون ئه‌وا په‌خشی رادیۆ و كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كانیش راده‌گیرێت تا ئه‌وكاته‌ی مۆڵه‌ته‌كانیان نوێده‌كه‌نه‌وه‌ و قه‌رزه‌كانیان به‌ حكومه‌ت ده‌ده‌ن".

به‌وته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری، بۆ راگرتنی په‌خشی كه‌ناڵه‌ ناوخۆییه‌كان ره‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم وه‌رگیراوه‌.

هه‌فته‌ی رابردوو، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری هۆشداریی به‌ سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی هه‌رێم دا كه‌ له‌ماوه‌ی ته‌نیا هه‌فته‌یه‌كدا مۆڵه‌ته‌كانیان نوێبكه‌نه‌وه‌ و قه‌رزه‌كانیان بده‌ن‌ و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كه‌ناڵه‌كان داده‌خرێن، به‌ڵام له‌ئه‌مڕۆوه‌ گۆڕانكاریی له‌ هۆشیدارییه‌كه‌دا كردووه‌ و بڕیاری راگرتنی په‌خشی كه‌ناڵه‌ ناوخۆییه‌كانی داوه‌.

له‌ هه‌رێمی كوردستان، 270 كه‌ناڵی راگه‌یاندنی بینراو و بیستراو هه‌ن كه‌ په‌خش ده‌كه‌ن، له‌و ژماره‌یه‌ 34 كه‌ناڵی ئاسمانی و 143 رادیۆ و 93 كه‌ناڵی ناوخۆین، كه‌ به‌سه‌رجه‌میان زیاتر له‌ سێ ملیار دینار قه‌رزداری حكومه‌تن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە