به‌رپرسێكى كۆمسیۆن: ناتوانین له‌مانگى نیساندا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبده‌ین

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 23/01/2018‌ :: 208‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
جێگری سەرۆکی كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان رایده‌گه‌یه‌نێت، كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان ناتوانێت له‌ماوه‌ی 3 مانگدا هه‌ڵبژاردنێكى پاك و بێگه‌رد ئه‌نجامبدات، ئه‌گه‌ر فشارى زیاتریش بکرێت ئەوا ده‌ستله‌كارده‌كێشێته‌وه‌.

 
سلێمان موسته‌فا، جێگرى سه‌رۆكى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنەکان و ڕاپرسى هه‌رێمى كوردستان، له‌ لێدوانێكیدا به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند، كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنێكى پاك و بێگه‌رد پێویستى به‌ 180 ڕۆژ هه‌یه‌، چونكه‌ چه‌ندین ئاسته‌نگى گه‌وره‌ له‌ به‌رده‌م كۆمسیۆندایه‌ بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌یه‌كى كورتدا، له‌وانه‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى په‌رله‌مان و بودجه‌ و تۆمارى ده‌نگده‌ران و به‌كارهێنانى ئامێرى ئه‌لیكترۆنى.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى كۆمسیۆن، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ هه‌رسێ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان له‌ دواى ته‌وابوونى هه‌ردوو خولى په‌رله‌مان له‌ ئه‌مساڵدا ئه‌نجامبدرێت، چونكه‌ له‌ ئێستادا هیچ زه‌مانێك نییه‌ بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن له‌ ماوه‌ى 105 ڕۆژدا كه‌ هه‌ندێ لایه‌نى سیاسى پشتگیرى ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌و شێوازه‌ هه‌ڵبژاردن بكرێت، هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌ده‌رده‌بێت له‌سه‌رجه‌م بنه‌ما پیشه‌یى و پێوه‌ره‌ یاساییه‌كانى كۆمسیۆن و شه‌رعیه‌تى ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیار و ده‌بێته‌ شوێنى ئه‌نجامدانى ته‌سفیه‌ى سیاسی.

ڕوونیشیكرده‌وه‌، كۆمسیۆن له‌ دواى پاکكردنه‌وه‌ى تۆمارى ده‌نگده‌ران و هه‌مواركردنه‌وه‌ى 25 ماده‌ى یاسایى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مان و بڕیاڕى كڕینى ئامێرە ئه‌لیكترۆنییه‌كان، ده‌توانێت واده‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان دیاریبكات ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ش پێویستى به‌ زیاتر له‌ 6 مانگه‌.

جێگرى سه‌رۆكى كۆمسیۆن، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، تێبینى و پێشنیازه‌كانى خۆى گه‌یاندۆته‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ى و داواشى كردووه‌ فشار نه‌خرێته‌ سه‌ر كۆمسیۆن، بۆئه‌وه‌ى له‌وماوه‌یه‌دا كه‌ هیچ ئاماده‌كارییه‌ك نه‌كراوه‌، هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدرێت، چونكه‌ پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن بنه‌ما و پێوه‌ر و یاساى خۆى هه‌یه‌.

ناوبراو، ده‌شڵێت "بۆئه‌وه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان تانه‌ له‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن نه‌ده‌ن پێویسته‌ تۆمارى ده‌نگده‌ران تاوه‌كو مانگى تشرینى دووه‌مى ئه‌مساڵ خاوێنبكرێته‌وه‌ و ئامێرى ئه‌لیكترۆنى بۆ ده‌نگدان هاووڵاتیان و جیاكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان بۆ زیاتر له‌ 1350 ناوه‌ندى ده‌نگدان دابینبكرێت، ئه‌مه‌ش پێویستى به‌ 6 مانگ ڕاهێنانى كارمه‌ندان هه‌یه‌".

سلێمان مسته‌فا، ئاشكراشیكرد، زۆرینه‌ى كۆمسیۆن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ماوه‌ى 105 ڕۆژدا ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام ئه‌و نامه‌ى خۆپارێزى نووسیوه‌ و ئاماده‌نییه‌ پشتگیرى له‌و پێشنیازه‌ بكات، چونكه‌ ناتوانرێ هه‌ڵبژارنى دروست له‌وماوه‌یه‌دا ئه‌نجامبدرێت.

باسی له‌وه‌شكرد، باشترین رێگه‌ ئه‌وه‌یه‌ په‌رله‌مانى كوردستان 6ى تشرینى دووه‌مى ئه‌مساڵ، یاخود واده‌یه‌كى نزیك له‌مه‌ دیاریبكات، بۆئه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنى تیادا ئه‌نجامبدرێت، له‌وماوه‌یه‌شدا ده‌توانرێ هه‌موو ڕێكارە ئیدارى و یاساییه‌كان بگیرێنه‌به‌ر به‌مه‌به‌ستى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنێكى پاك و دروست.

وتیشى "ئه‌گه‌ر فشاره‌كان به‌رده‌وامبێت، ناچارم وازبهێنم، چونكه‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن به‌وشێوازه‌ى ئێستا كه‌ هه‌یه‌ خیانه‌ته‌ له‌ میلله‌ت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure