پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی یاسا: پەیامەكەی عەبادی بۆ شاندی كوردی توندبووه‌

هەواڵ / کوردستان :: 20/01/2018‌ :: 4702‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی یاسا ئاشكرایده‌كات، حەیدەر عەبادی لەمیانی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ وەفدەكەی هەرێمی كوردستاندا پەیامێكی توندی پێگەیاندوون و رایگەیاندووە كە سەردەمی بازدان بەسەر دەستوور بەسەرچووە.


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 20ی كانونی دووه‌م، جاسم محه‌مه‌د بەیاتی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا كە بەیەكێك لە كەسایەتییە نزیكەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق داده‌نرێت به‌ سایتی سۆمه‌ریه‌نیوزی ڕایگه‌یاندووه‌، حەیدەر عەبادی بەڕوونی بە وەفدەكەی هەرێمی كوردستانی راگەیاندووە كە سەردەمی جیاكاریی و بازدان لەسەر دەستوور و یاسا بەسەرچووە و سازشكردنیش كۆتایی هاتووە.

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، عەبادی بە وەفدی هەرێمی راگەیاندووە كە حكومەت بەردەوام دبێت لەسەر سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەر بستێكی عێراقدا.

وتیشی، "پەیامەكەی عەبادی توند بووە و ئەنجامەكانیشی پێچەوانەوەی خواستی وەفدەكەی كوردبووە كە دەیانویست هەندێك سازشیان دەستبكەوێت".

ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 20ی کانونی دووەمی 2018 شاندێكى هه‌رێمى كوردستان كه‌ پێكهاتبوون له‌ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكی حکومەتی هەرێم و فوئاد حسێن سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق كۆبوونه‌وه‌.

لەپاش کۆبونەوەی نێوانیان، نوسینگەی رۆژنامەوانی حەیدەر عەبادی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تەئکیدیکردەوە کە دەبێت دەسەڵاتی فیدراڵی سەرجەم وڵات بگرێتەوەو لەنێویشیاندا دەبێت فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکانیش لەژێر دەسەڵاتی فیدراڵیدابن.

ئاماژە بەوەشدراوە، کاری لیژنەکانی تایبەت بەکردنەوەی فڕۆکەخانەکان بەردەوام دەبێت و دوای تەواوکردنی گشت رێکارەکان سەرجەم دەسەڵاتەکانی فیدراڵی بۆ ئەو فڕۆکەخانانە دەگەڕێنەوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، سنورە نێودەوڵەتییەکان دەبێت لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدابن، بەو پێیەی دەکەونە سنوری دەسەڵاتی تایبەتی حکومەتی فیدراڵییەوە.

باس لەوەشکراوە کە هەڵوێستی حکومەتی عێراق نوێکراوەتەوە دەربارەی پابەندبوون بە سنوری هەرێمەوە کە لە دەستوردا دانیپێدانراوە و دەشبێت نەوتی دەرهێنراوی هەرێم رادەستی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق بکرێت و ناردنی نەوت تەنیا لەڕێگەی حکومەتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆوە بێت. 

 

وه‌رگێڕانی: محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure