بۆیەکەمجار لەمێژوودا نرخی تمەن ئاستێکی نزمی تۆمارکرد

هەواڵ / ئابوری :: 20/01/2018‌ :: 12399‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
به‌هاى تمەنی ئێرانی لەبەرامبەر دۆلار دابه‌زینێكى گه‌وره‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت و شارەزایەکی دراویش دەڵێت "بۆیەکەمجار لە مێژوودا نرخی تمەن به‌رامبه‌ر دۆلار بەم شێوەیە دابەزێت".


خەسرەو محەمەد، لە بازاڕی ئاڵوگۆڕى دراوى سلێمانی، کە کاری ئاڵوگۆڕى دراوى تمەن دەکات بۆ دواڕۆژ وتی"به‌هاى تمه‌ن ئه‌مڕۆ دابه‌زینى گه‌وره‌ى به‌خۆیه‌وه‌ بینى و لەم دابه‌زینه‌شدا، کۆمەڵێک کەس زیانیان بەرکەوتووە، چونکە پێشتر تمەنی زۆریان کڕیوە بەڵام لە ئێستادا  پارەی خۆی ناکاتەوە".

وتیشى "زۆرکەس خۆیان له‌ كڕینى دراوى تمه‌ن بەدور دەگرن، لەبەر ئەوەی نازانن کە نرخه‌كه‌ى زیاتر دەشکێت یان به‌رزده‌بێته‌وه‌".

ئه‌و بازرگانه‌ وتیشى "به‌هۆى دابه‌زینى تمه‌ن، بازرگانان كه‌ به‌تمه‌ن مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن دەیکڕن،  دەنێرن بۆ ئەو کۆمپانیایانەی له‌ ئێران شتیان لێكڕیون".

هاوكات حەمید عەبدووڵا، نوێنەری ژووری بازرگانی لە بازاڕی ئاڵۆگۆڕى دراو له‌ سلێمانی بۆ دواڕۆژ وتی "ماوەیەکه‌ به‌هاى تمەنی ئێرانی بەردەوام روولە دابەزیندایە، و چەند ڕۆژێکەش نرخەکەی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی زیاتر دابه‌زیوه‌، ئەمەش یەکەم جارە له‌ مێژوودا  بۆ ئەو ئاستە دابه‌زێت".

رونیشكرده‌وه‌ "ئه‌مڕۆ دۆلارێك بە ٤٥٥٠ تمەنە مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كرا و تا ئێستاش ھۆکارەکەی ڕوننیە،  بانکی ناوه‌ندى ئێرانیش دەستی تێوەرنەداوە، به‌وپێیه‌ى جاران کە تمەن دەشکا، دۆلاری زۆریان دەخستە بازاڕەوە".

ئاماژەی بەوەشدا شکانی تمەن کاریگەری دەبێت لەسەر مامه‌ڵه‌ى بازرگانى بازرگانی و لەئێرانیشدا دەبێتە ھۆی به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى کاڵاوشه‌مه‌ك.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ له‌ داخستنى بازاڕى دراودا له‌ سلێمانى ١٠٠ دۆلار بە 455000 تمەن مامه‌ڵه‌پێوه‌كرا.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure