"هەواڵی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک راست نییە"

هەواڵ / کوردستان :: 21/01/2018‌ :: 470‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
پاش ئەوەی راهێنان بە دوو لیوای وەزارەتی پێشمەرگە دەستیپێكرد، لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، گوایە ئەو هێزانە لەکەرکوک جێگیر دەکرێن، فەرماندەی یەکێک لە لیواکانیش دەڵێت "ئەو قسە و باسانە هیچ بنەمایەکیان نییە".


عەمید رێبوار عەبدوڵا، فەرماندەی لیوای 1ی پیادە بە دواڕۆژی وت "راهێنانی هێزەکەیان تەنها بۆ یەکگرتنەوە و خۆڕێکخستنەوەیە، چونکە لەدوای رووداوەکانی کەرکوک و کشانەوەی پێشمەرگە پارتی لەهێزەکە کشابووەوە".

وتیشی "ئەو هەواڵانەی باس لەگەڕانەوەی لیواکەی ئێمە دەکەن بۆ کەرکوک هیچ بنەمایەکی نییە و بەهیچ جۆرێکیش ئەمریکییەکان و وەزارەتی پێشمەرگە لەو بارەیەوە هیچیان پێنەوتوین".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە لەئەگەری رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر بوونی هێزی هاوبەش لەشارەکەدا، مەزەندە دەکرێت لیواکەی ئێمە بچێتەوە شوێنەکەی خۆی کە پیشتریش لەکەرکوک بووە و لیوای 2یش بچێتەوە پردێ، بەڵام تائێستا هیچ شتێک لەو بارەیەوە لەئارادا نییە.

لیوای 1 و 2ی پیادە سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەیە و لەهێزی تێکەڵی یەکێتی و پارتی پێکهاتوون، لەپێش ساڵی 2014 لیوای یەک بارەگای لەسەربازگەی کەیوان بوو بەهاوبەشی لەگەڵ هێزە عێراقییەکان، لیوای دوویش بارەگای لەپردێ بوو، دوای هاتنی داعشیش ئەرکی بەرپرسیارێتی باشور و رۆژئاوای کەرکوکیان لەئەستۆبوو.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure