فراكسیۆنى پارتى و یه‌كێتى له‌ باره‌ى كورتكردنه‌وه‌ى ته‌مه‌نى په‌رله‌مان ناكۆكن

هەواڵ / کوردستان :: 20/01/2018‌ :: 319‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
هه‌ردووك فراكسیۆنى پارتى و یه‌كێتى له‌سه‌ر كورتكردنه‌وه‌ى ته‌مه‌نى په‌رله‌مان و ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى هه‌رێمى كوردستان ناكۆكن.


ته‌مه‌نى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ 6ى تشرینى دووه‌مى ساڵى 2017، بۆ ماوه‌ى دووخولى په‌رله‌مان درێژکرایەوە تاوه‌كو مانگى ئه‌یلولى ئه‌مساڵ، له‌ ئه‌گه‌رى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ له‌ هه‌رێم، پێویسته‌ په‌رله‌مانى ته‌مه‌نى خۆى بۆ ماوه‌ى یه‌ك  خول كورتبكاته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ردوو فراكسیۆنى پارتى و یه‌كێتى له‌په‌رله‌مانى كوردستان ناكۆكییه‌كان هه‌یه‌و به‌هۆیه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت و په‌رله‌مان بۆ كاتێكى نادیار دواخراوه‌.

دلێر ماوه‌تى، سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتیى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند " په‌رله‌مانى كوردستان ته‌مه‌نى خۆى بۆ ماوه‌ى ساڵێك واته‌ دوو خول درێژكردۆته‌وه‌ به‌ پێى رێككه‌وتنێكى سیاسیش له‌ نێوان چه‌ند لایه‌نێك، بۆیه‌ پێویسته‌ پارتى و لایه‌نه‌كانى تر رێز له‌و ڕێككه‌وتنه‌ بگرن و له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنى ماوه‌ى ته‌مه‌نى په‌رله‌مان واده‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان دابنرێت و ته‌مه‌نى په‌رله‌مان كورتنه‌كرێته‌وه‌ ".

سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتیى، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، یه‌كێتى به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ كورتكردنه‌وه‌ى ته‌مه‌نى په‌رله‌مان نییه‌و، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ له‌ مانگى ئه‌یولى ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ئه‌نجامبدرێت.

لاى خۆیه‌وه‌ ئومێد خۆشناو، سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتی بە دواڕۆژی وت "سێ بنەما ھەیە بۆ ئەوەی هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ تاوه‌كو مانگى نیسان ئه‌نجامبدرێت، یەکەمیان ماوەی ھەڵبژاردنەکانی هه‌رێم دواکەوتووە، لەبەر ئەوەی ماوەکەی بۆ درێژکرا بوویەوە، دووەمیان ئەو خولەی پەرلەمان دەریخست کە ئەو ڕێککەوتنەی حکومەتی لەسەر پێکھێنرا سەرکەوتوو نەبوو، سێیەمیان ئەو حکومەتەی پێکھێنراوە پشتیوانی سیاسی نییە".

ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد، پێویسته‌ فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مان له‌ دانیشتنێكدا به‌ یاسایه‌ك ته‌مه‌نى په‌رله‌مان كورتبكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ هه‌رێم به‌رگه‌ى ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه‌ ناگرێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتیوانی لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە نزیکترین کاتدا دەکەن.

وتیشى " ھەر کێشەیەك لە نێوان ھێزەکان ھەیە، ھەرھێزێك ترسی لە ھەڵبژاردن ھەیە، ئەوا نابێته‌  بیانوو بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن".

 

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure