دواڕۆژ پرۆفایلی قایمقامە نوێیەكەی خورماتوو بڵاودەكاتەوە

هەواڵ / عێراق :: 20/01/2018‌ :: 340‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
قایمقامی نوێی خورماتوو پاش ئەوەی رۆژی 18ی ئەم مانگە كرایە شوێنگرەوەی شەلال عەبدول، پزیشكی نەشتەرگەرییە و كوڕێكیشی لەلایەن داعشەوە كوژراوە.


د. حەسەن زەینەلعابدین، لەدایكبووی ساڵی 1961 خورماتوو - سەڵاحەدینە و زمانەكانی عەرەبی، ئینگلیزی، توركمانی و كوردی بەباشی دەزانێت.

ناوبراو خێزاندارە و خاوەنی 3 كوڕ و كچێكە و هاوسەرەكەشی مامۆستایە.

لەساڵی 1987لەپۆلی شەشی ئامادەیی زانستی پلەی یەكەمی لەسەر ئاستی پارێزگای سەڵاحەدین بەدەستهێناوە و بووەتە خوێندكاری كۆلیژی پزیشكی لەزانكۆی بەغدا.

قایمقامی نوێی خورماتوو لەساڵی 1996 دبلۆمی بەدەستهێناوە لە تایبەتمەندی پزیشكی نەشتەرگەری گشتی لەزانكۆی تكریت.

لەساڵی 1984 بەپزیشك دامەزرێندراوە لەنەخۆشخانەی فێركاری تكریت و لەساڵی 1991 تاوەكو 1996 بەڕێوەبەری سەنتەری تەندروستی خورماتوو بووە.

لەساڵی 1996 تاوەكو ساڵی 2003 بەڕێوەبەری كەرتی تەندروستی یەكەم بووە لەخورماتوو.

لە ساڵی 2003 تاوەكو 2009 بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سەڵاحەدین بووە، لەساڵی 2009 تاوەكو 2014 پزیشكی تایبەتمەند بووە لەسەنتەری تەندروستی خورماتوو.

لەساڵی 2014 كراوەتە یاریدەدەری گشتی لەوەزارەتی مافی مرۆڤ و لەساڵی 2017 وەكو پزیشك جارێكیتر لەسەنتەری تەندروستی خورماتوو دەستبەكاربوەتەوە.

لە 18ی كانونی دووەمی 2018 وەكو قایمقامی خورماتوو هەڵبژێردراوە.

لەسەردەمی رژێمی بەعسدا خێزانەكەی بەهۆی هەڵوێستی سیاسیانەوە روبەڕووی سزای جۆراوجۆر بونەتەوە بەشێوەیەك " ئایدن "ی برای سزای لەسێدارەدانی غیابی بۆ دەرچووە و بەرەو دەرەوەی وەڵات هەڵاتووە، برایەكی دیكەشی بەناوی "عەبدولحسێن" بە 5 ساڵ زیندانی كراوە و فۆڕمی خۆراكی خێزانەكەش دەستی بەسەرداگیراوە.

خوشكێكی بەناوی "گوڵتان" پلەی لەمامۆستاییەوە بۆ فەرمانبەر دابەزێندراوە و پیشەكەیشی لەخورماتووەوە گواستراوەتەوە بۆ تكریت، هەروەك دوو كەسی دیكە لەبنەماڵەكەی سزای هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێندراوە.

لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش، كوڕێكی بەناوی "مورتەزا" لەكاتی داگیركردنی گوندی بەشیر لەلایەن ئەو گروپەوە كوژراوە و خۆیشی هاوشانی حەشدی توركمان بەشداری لەشەڕەكانی سەقلاویە و بەشیر و حەویجە و زەرگەدا كردووە.

قایمقامی نوێی خورماتوو لە 15ی تشرینی یەكەم بەشداربووە لە ئۆپراسیۆنی "سەپاندنی یاسا" لەكەركوك.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure