هەشت جۆر شێرپەنجە بە یەک پشکنینی خوێن دیاریدەکرێت

هەواڵ / زانست :: 21/01/2018‌ :: 585‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
دەستنیشانکردنی زۆربەی شێرپەنجەکان پرۆسەیەکی دوور و درێژی دەوێت، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای کردوە کە بەیەک پشکنینی خوێن دەتوانرێت هەشت جۆری شێرپەنجە دەستنیشان بکرێت.

بە گوێرەی توێژینەوەیەک کە لە زانکۆی جۆنز هۆپکینز، لە ئەمریکا ئەنجامدراوە، پشکنینێکی خوێن دەتوانێت زۆر ئاسانتر و کاریگەرترانە هەشت جۆری شێرپەنجە ئاشکرا بکات تەنیا بە وەرگرتنی یەک نمونەی خوێن.

شێرپەنجە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لە جیهان و وا چاوەڕێ دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٠ ژمارەی مردن بە شێرپەنجە لە هەشت ملیۆنەوە بگاتە ١٣ ملیۆن کەس.

تێستی خوێنەکە کە بە CancerSEEK (واتە گەڕان بەدوای شێرپەنجە)دا ناسراوە دەتوانێت شێرپەنجە لە قۆنا‌غە سەرەتاییەکانیدا ئاشکرا بکات.

بە وتەی زانایان، دەستنیشانکردنی پێشوەختە زۆر گرنگە بۆ کەمکردنەوەی مەرگ بە شێرپەنجە و تا زوتر نەخۆشییەکە دەستنیشان بکرێت هێندە زیاتر ئەگەری چارەسەری هەیە، بەڵام زۆرێک لە شێرپەنجەکان تا قۆناغێکی گەشەکردوو ناتوانرێن دەستنیشان بکرێن.

کاتێک گرێ شێرپەنجەییەکان دروستدەبن پارچەی ورد وردی (دی ئێن ئەی) شێواو و پرۆتیەناکن دەڕژێنە ناو تەوژمی خوێنەوە و ئەوەش دەشێت بە نیشانەی شێرپەنجە دیاریبکرێن.

وەرگێڕانی: کامەران ئەحمەد    



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure