ئه‌فسه‌رێكى پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێته‌ راوێژكارى ئه‌منى سه‌ڵاحه‌دین

هەواڵ / کوردستانی :: 20/01/2018‌ :: 1233‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
قایمقامی نوێی خورماتوو دەڵێت "پڕۆژەیان هەیە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی گەڕەكە كوردییەكانی خورماتوو تاكو خێزانە ئاوارەكان بگەڕێنەوە".


حەسەن زەینەلعابدین، قایمقامی نوێی خورماتوو بە دواڕۆژی وت" مەرجی دەستبەكاربوونم وەكو قایمقامی خورماتوو دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكانی قەزاكەیە بەسەر هەرسێ پێكهاتەكە بەبێ پێشێلكردنی مافی كەس".
راشیگەیاند "چارەسەركردنی دۆخی ئەمنی و گەڕانەوەی ئاوارەكان و پاشان دەستكردن بەپێشكەشكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەكارە سەرەكییەكان دەبێت".

وتیشی "پڕۆژەمان هەیە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی گەڕەكە كوردییەكانی خورماتوو تاوەكو خێزانە ئاوارەكان بگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان و رەوشەكە ئاسایی بێتەوە، لەیەكەم هەنگاویشدا ئەفسەرێكی وەزارەتی پێشمەرگە بەپلەی موقەدەم دەستنیشانكراوە بۆ ئەوەی ببێتە راوێژكاری ئەمنی پارێزگای سەڵاحەدین".

بەوتەی زەینەلعابدین، ئەو ئەفسەرە مەلەفی ئەمنی هەردوو گەڕەكی جەمیلە و كۆماری قەزاكە دەگرێتە دەست و بۆ ئەو مەبەستەش 60 بۆ 70 پۆلیسی كوردی شارەكە دەخرێنە ژێر دەستی.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد"بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان، بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەندامانی كوردی نێو ئەنجومەنی قەزاكە میكانیزمی گونجاو دەگرنەبەر و بەڵێننامەی شەڕەفیشم واژۆكردووە كە ئەگەر لەپڕۆژەكەم بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە شكستبهێنم ئەوە دەستلەكاردەكێشمەوە".




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure