محه‌مه‌د عه‌بدوڵا به‌ سه‌رۆکى ته‌ڤگه‌رى ئازادیى هه‌ڵبژێردرا

هەواڵ / کوردستان :: 19/01/2018‌ :: 421‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر کەمال
کۆنگرەی تەڤگەری ئازادی لە سلێمانی کۆتایی هات و محه‌مه‌د عه‌بدوڵا به‌ سه‌رۆکى ته‌ڤگه‌رەکە و 17 ئەندامیش بۆ دەستەی بەڕێوەبردن هه‌ڵبژێردران و له‌و 17 ئه‌ندامه‌ى هه‌ڵبژێردراون، 10 ئه‌ندامیان ژنن و حه‌وتیشیان پیاون.


ئه‌مڕۆ له‌ شاری سلێمانی له‌ هۆڵی مۆنالیزا کۆنگره‌ی دامه‌زراندنی ته‌ڤگه‌ری ئازادیی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ى که‌ به‌ فه‌رمی له‌لایه‌ن کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراقه‌وه‌ مۆڵه‌تی پێدرا.

له‌ کۆنگره‌که‌دا زیاتر له‌ هه‌زار که‌س ئاماده‌ بوون، له‌و ڕێژه‌یەش 700 ئه‌ندام و ئه‌وانی تر میوان بوون.

محه‌مه‌د عه‌بدوڵا، سه‌رۆکى ته‌ڤگه‌رى ئازادیى وتارى کۆتایی کۆنگره‌ى پێشکه‌ش کرد و وتى "سه‌رکه‌وتنى کۆنگره‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ى شه‌هیدان و هه‌موو ئه‌ندامان پیرۆز ده‌که‌ین، ئێمه‌ سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له‌ که‌شوهه‌وایه‌کى ئاوها ساردا، ته‌ڤگه‌رى ئازادیى کۆنگره‌یه‌کى ئاوها گه‌رمى به‌ست".

وتیشی "له‌ خه‌بات و تێکۆشانى داهاتووماندا ده‌بێت ئه‌و ناهاوسه‌نگیه‌ ره‌گه‌زییه‌ کۆتایى پێبێنین، که‌ تا ئێستاش سیستمى هاوسه‌رۆکى په‌سه‌ند ناکات".

ئاماژەی بەوەشدا "ئه‌و ره‌وشه‌ى ئێستاى باشورى کوردستان و گه‌نده‌ڵییه‌کانى ده‌سه‌ڵات وایکردوه‌، که‌ له‌م پارچه‌یه‌ ته‌نها کورد تێیدا حاکم نییه‌، به‌ڵکو داگیرکه‌رانى کوردستان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک به‌ڕێوه‌ى ده‌به‌ن، ئه‌رکى ته‌ڤگه‌رى ئازادى کۆمه‌ڵگه‌ى کوردستانه‌ که‌ تێکۆشان بکات بۆ چاره‌سه‌رکردنى بارودۆخى ئاڵۆزى هه‌رێمى کوردستان".

محەمەد عەبدوڵا، باسى له‌وه‌ش کرد "حکومه‌تى ناوه‌ند و هه‌رێم بە ئه‌و ئه‌قڵه‌یه‌ته‌ى هه‌یانه‌ کێشه‌کانیان دروستکردوه‌، ئێمه‌ پێمانوایه‌ ئه‌قڵییه‌تێکى دیموکراتى ده‌توانێت کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "چاره‌سه‌رنه‌کردنى کێشه‌کان و ئه‌و سیاسه‌ته‌ى که‌ هه‌یه‌ ئه‌و دۆخه‌ى لێده‌که‌وێته‌وه‌ که‌ له‌ دواى 16ى ئۆکتۆبه‌ر هاته‌ ئاراوه‌، هیواى ئازادى بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌خوازین که‌ بۆ ئازادى گه‌له‌مان له‌ زیندانن، به‌ڵێن ده‌ده‌ین خه‌بات ده‌که‌ین بۆ دروستکردنى کوردستانێکى ئازاد و دیموکرات، ده‌بێت به‌م هه‌سته‌وه‌ تیکۆشان بکه‌ین و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان سه‌رده‌که‌وین".

ته‌ڤگه‌ری ئازادیی له‌ 17/10/2014 دامه‌زراوه‌، به‌ڵام له‌ ڕۆژی 4/12/2017 له‌لایه‌ن کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق مۆڵه‌تی فه‌رمی پێدراوه‌. 

به‌پێى یاساى ژماره‌ 36ى ساڵى 2015ى عێراق، له‌لایه‌ن کۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق مۆڵه‌تى به‌شداریکردن له‌ هه‌ڵبژاردن دراوه‌ته‌ ته‌ڤگه‌رى ئازادیی کۆمه‌ڵگه‌ى کوردستان، هه‌ر به‌پێى ئه‌و یاسایه‌ ته‌ڤگه‌رى ئازادیى ده‌توانێت له‌ سه‌رانسه‌رى عێراق بنکه‌ و باره‌گا بکاته‌وه‌.

ئەمەش ناوی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنن "شیلان شاکر، ڕابیعه‌ عه‌باس، بێریڤان محه‌مه‌د، ڕووناک مه‌جید، که‌لسوم حسێن، ڕیحان حه‌مادى، په‌یمان ڕه‌حمان، ئازاد قادر، یوسرا ڕه‌جه‌ب، عه‌بدولوه‌هاب ئه‌حمه‌د، ناجى هاجى ئاشور، وه‌جیده‌ به‌یادى، حامید مه‌لا ئه‌حمه‌د، به‌ڕێز محه‌مه‌د، کۆمه‌ڵ سه‌رحه‌د، خالید ڕه‌شید و ئه‌مین ته‌ها ئه‌مین".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure