سلێمانى: ته‌ڤگه‌ری ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان یه‌كه‌مین كۆنگره‌ى خۆى به‌ست

هەواڵ / کوردستان :: 19/01/2018‌ :: 260‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
به‌ به‌شداری 700 ئه‌ندام و به‌ ئاماده‌بوونی زیاتر له‌ 300 میوان كۆنگره‌ی دامه‌زراندنی ته‌ڤگه‌ری ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان له‌ هۆڵى مۆنالیزا له‌ شارى سلێمانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ به‌ فه‌رمی له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه‌ مۆڵه‌تی پێدرا.

له‌ ده‌ستپێكى كۆنگره‌كه‌دا ئاماده‌بووان ساتێك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان، دواتر وتاری كردنه‌وه‌ی كۆنگره‌ له‌لایه‌ن شیلان شاكر، وه‌ك ئه‌ندامی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ پێشكه‌ش كرا.

له‌ وتاره‌كه‌یدا شیلان شاكر، وتى "دوای دامه‌زراندنی ته‌ڤگه‌ری ئازادی له‌ ساڵی 2014 دا، ئێمه‌ به‌رده‌وام هه‌وڵمانداوه‌ بۆ وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی فه‌رمی، به‌ڵام به‌ بیانوی جیا جیا مۆڵه‌تیان پێنه‌ده‌داین، سه‌رئه‌نجام له‌ مانگی 12ی ساڵی رابردوو به‌ فه‌رمی مۆڵه‌تمان پێدرا".

وتیشى "ئێمه‌ پێمان باش بوو له‌م كۆنگره‌یه‌دا هاوسه‌رۆك هه‌ڵبژێرین، به‌ڵام دیاره‌ هێشتا تێكۆشان پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی سیستمی هاوسه‌رۆكی له‌ عێراق بچه‌سپێت، ئێمه‌ ئێستا پابه‌ند ده‌بین به‌ یاساكانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه‌ و سه‌رۆك هه‌ڵده‌بژێرین، به‌ڵام له‌ پراكتیكدا سیستمی هاوسه‌رۆكی په‌یڕه‌و ده‌كه‌ین و تێكۆشانیش ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ یاسا له‌ هه‌موو عێراق".

شیلان شاكر، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "له‌م دۆخه‌ هه‌ستیاره‌ی ناوچه‌كه‌دا به‌ستنی كۆنگره‌ی ته‌ڤگه‌ری ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان مۆری خۆی له‌م قۆناغه‌ دادات، له‌ ئێستادا گه‌لی كورد پێشه‌نگایه‌تی بۆ دیموكراتیزه‌كردنی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات".

باسى له‌وه‌شكرد "له‌ ئێستادا ده‌وڵه‌تی تورك هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر عه‌فرین ده‌كات، هه‌روه‌ها رژێمی ئێران هێز به‌كاردێنێت بۆ سه‌ركوتكردنی گه‌لانی ئێران، له‌ باكوری كوردستان و توركیاش ده‌وڵه‌ت به‌رده‌وامه‌ له‌ سه‌ركوتكردنی گه‌لی كورد".

سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانى نێوان نێوان هه‌لێر و به‌غداش، ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو "ئه‌و كێشانه‌ی له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونی سیاسه‌ت و ئه‌قڵییه‌تێكی دیموكراتی، هه‌ربۆیه‌ ده‌سه‌ڵات ناچاره‌ خۆی بگۆڕێت، ئه‌گه‌رنا ئه‌وا گه‌ل ده‌یگۆڕێت، ئه‌وه‌ یه‌كلا بوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ سه‌ركوتكردن و په‌لاماردان و په‌راوێزخستن كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نابن".

پاشان په‌یڕه‌و و پرۆگرام و به‌رنامه‌ی سیاسی ته‌ڤگه‌ری ئازادیی له‌لایه‌ن ڕوناك مه‌جید و بێریڤان محه‌مه‌د خوێندرانه‌وه‌ و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگى ئه‌ندامانى كۆنگره‌ په‌سه‌ندكران، له‌ ئێستاشدا دوور له‌چاوى میدیاكان هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆك و ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌بردن به‌ڕێوه‌ده‌چێت و كۆنگره‌ به‌رده‌وامى هه‌یه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure