حزبە كوردستانییەكانی كەركوك لەدژی پرۆسەی تەعریبكردن بڕیاریاندا

هەواڵ / کوردستان :: 19/01/2018‌ :: 179‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
لەكۆبونەوەی ڕۆژی پێنجشەممەی حزبە كوردستانیەكانی كەركوكدا بڕیار لەسەر 5 خاڵدرا كە دیارترینیان بەدژاچونەوەی پرۆسەی تەعریبە كە جارێكیتر دژی گوندنشینە كوردەكان دەستیپێكردووە.


رۆژی پێنجشەممە 18ی كانونی دووەم حزبە كوردستانییەكان بەبێ پارتی دیموكراتی كوردستان، لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەكەركوك كۆبوونەوە.

دوای كۆبونەوەكە، رەوەند مەلا مەحمود، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەاند، لەكۆبونەوەكەدا دۆخی كەركوك و هەوڵەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن تاوتوێكران و سەرجەم حزبە كوردستانییەكان جگە لەپارتی لەسەر 5 خاڵ رێككەوتوین.

لەبارەی خاڵەكانەوە، رەوەند مەلا مەحمود وتی "داوا لەهاوڵاتیان دەكەین سەردانی بنكەكانی دەنگدان بكەن بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانی دەنگدان و پشتیوانی لەسەرخستنی هەڵبژاردنەكانیش دەكەین".

وتیشی"داوا دەكەین رێگای سەرەكی هەولێر - كەركوك بەرووی هاوڵاتیاندا بكرێتەوە تاوەكو بتوانن بۆ وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدانەكانیان سەردانی كەركوك بكەن".

جێگری لێپرسراوی مەڵبەند ئەوەشی خستەڕوو كە بڕیاریانداوە هەموو حزبەكان بەیەكەوە دژ پرۆسەی تەعریبكردنەوەی كەركوك بوەستن و پوچەڵیبكەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەیش لەرێگەی پەرلەمانتارانی كوردەوە لەبەغدا فشاری زیاتر دەكەین بۆ ئەوەی رێگری بكەن لەزیانگەیاندن بەكوردبوونی شارەكە.

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure