یه‌كگرتوو له‌باره‌ى كشانه‌وه‌ له‌حكومه‌تى خۆجێى پارێزگاكان بڕیاریدا

هەواڵ / کوردستان :: 19/01/2018‌ :: 416‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
به‌رپرسێكى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، بڕیاره‌كه‌ى یه‌كگرتوو بۆ كشانه‌وه‌ له‌ كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكومه‌تى هه‌رێم، حكومه‌ته‌ خۆجێییه‌كان ناگرێته‌وه‌، ده‌ڵێت "هیچ گه‌ره‌نتییه‌كمان بۆ ده‌ركردنى نوێنه‌ره‌كانمان له‌حكومه‌تى خۆجێى وه‌رنه‌گرتووه‌".


فه‌رهاد یاسین، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان به‌ دواڕۆژى وت  "بڕیاره‌كه‌ى یه‌كگرتوو ته‌نیا بۆ كشانه‌وه‌یه‌ له‌ كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكومه‌تى هه‌رێم و نامانه‌وێت له‌ حكومه‌تى خۆجێیى پارێزگاكاندا بكشێینه‌وه‌".

وتیشى "نوێنه‌رانى یه‌كگرتوو له‌حكومه‌تى خۆجێى ده‌مێننه‌وه‌، چونكه‌ وه‌رگرتنى پۆسته‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكاندا بووه‌".

له‌باره‌ى ده‌ركردنى نوێنه‌ره‌كانیان له‌و حكومه‌ته‌ خۆجێییه‌كان، فه‌رهاد یاسین وتى "ئێمه‌ داوامان له‌ حكومه‌ت كردووه‌ كه‌ موراعاتمان بكرێت، چونكه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ حكومه‌ت به‌یه‌كه‌وه‌ین و رێگه‌ له‌ به‌شداریمان له‌ حكومه‌ته‌ خۆجێییه‌كان نه‌گیرێت، به‌ڵام هیچ گه‌ره‌نتییه‌كمان وه‌رنه‌گرتووه‌ و نازانین دواى كشانه‌وه‌مان له‌ حكومه‌ت نوێنه‌رانمان ده‌نێردرێنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ یان نا".

یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان له‌ پاێزگاى دهۆك و سلێمانى چه‌ندین پۆستى به‌ڕێوه‌به‌رو به‌ڕێوه‌به‌رى گشتی و ناحیه‌كانیان پێدراوه‌، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ لیستى خزمه‌تیان پێكهێناوه‌ له‌ هه‌ولێر هیچ پۆستێكیان له‌ حكومه‌تى خۆجێى پێنه‌دراوه‌".

یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان له‌ 16ى كانوونى دووه‌مى 2018 بڕیاریدا له‌ حكومه‌تى هه‌رێم بكشێته‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure