كۆمه‌ڵی ئیسلامی لەسەر شێوازی به‌شداریكردن لە هه‌ڵبژاردنه‌كان بڕیار دەدات

هەواڵ / کوردستان :: 18/01/2018‌ :: 416‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ لیستێكى جیا به‌شدارى هه‌ڵبژاردن ده‌كات، ده‌ڵێت "لیستى هاوبه‌شى ئیسلامییه‌كان دروست نابێت".


دواى چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ى لوتكه‌ له‌نێوان هه‌رسێ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كه‌ى كوردستان بۆ پێكهێنانى لیستێكى هاوبه‌شى ئیسلامی بۆ هه‌ڵبژاردنى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان، به‌ڵام كۆمه‌ڵى ئیسلامى  بڕیاریدا نه‌چێته‌ ناو ئه‌و لیسته‌ هاوبه‌شه‌وه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌لیم كۆیى، به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان به‌ دواڕۆژى وت "له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتووی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و عێراقدا، كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ لیستێكی‌ جیا و سه‌ربه‌خۆ داده‌به‌زێت و له‌گه‌ڵ هیچ هێز و لایه‌نێكی‌ سیاسیدا هاوپه‌یمانی‌ ئه‌نجامنادات".

له‌باره‌ى دروستكردنى لیستى هاوبه‌شى ئیسلامییه‌كان له‌كوردستان، سه‌لیم كۆیى وتى "ئێمه‌ به‌شدارى لیسته‌ هاوبه‌شه‌كه‌ ناكه‌ین، بۆیه‌ ئه‌و لیسته‌ هاوبه‌شه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان دروست نابێت".

ئه‌و به‌رپرسه‌ى كۆمه‌ڵى ئیسلامى، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد ئامانج له‌ دروستكردنی‌ لیستی‌ نیشتمان بۆ ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم، كۆكردنه‌وه‌ و نه‌فه‌وتانی‌ ده‌نگی‌ كوردانی‌ ئه‌و ناوچانه‌یه‌.

له‌باره‌ى شێوازى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، ناوبراو وتى "داوامانكردووه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتووی‌ هه‌رێم و عێراق به‌ شێوه‌ی‌ نیمچه‌ كراوه‌ به‌ڕێوه‌بچێت".

بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم، كۆمه‌ڵى ئیسلامى و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و هاوپه‌یمان بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌ى بڕیاریاندا به‌ یه‌ك لیستى هاوبه‌ش به‌شداری بكه‌ن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure