نەوتی كەركوك درایە كۆمپانیایەكی بریتانی

هەواڵ / ئابوری :: 18/01/2018‌ :: 352‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، 18ى كانوونى دووه‌م، رێككه‌وتنێكى سه‌ره‌تایی له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى (BP)ى به‌ریتانى واژكرد، بۆ په‌ره‌پێدان و زیادكردنى به‌رهه‌مى نه‌وتى كێڵگه‌ى نه‌وتى كه‌ركوك بۆ 750 هه‌زار به‌رمیلى رۆژانه‌.

له‌ په‌راوێزى واژكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌دا جه‌بار لعێبى، وه‌زیرى نه‌وتى عێراق رایگه‌یاند، وه‌زاره‌ته‌كه‌ى سووره‌ له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانى كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى كه‌ركوك و كردنه‌وه‌ى لاپه‌ڕه‌یه‌كى نوێ بۆ كاركردنى كۆمپانیاى نه‌وتى باكور و زیادكردنى رۆڵى له‌ به‌رزكردنه‌ به‌رهه‌مى نه‌وتى عێراق.

هاوكات مایكل تاونستد، به‌ڕێوه‌به‌رى كۆمپانیاى (BP) رایگه‌یاند، كۆمپانیاكه‌یان روپێوییه‌كى ورد بۆ چۆنیه‌تى په‌ره‌پێدانى كێڵگه‌ى نه‌وتى باكور و زیادكردنى به‌رهه‌مه‌كه‌ى بۆ 750 هه‌زار به‌رمیلى رۆژانه‌ ده‌كات.

به‌پێى راگه‌یه‌نراوێكى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق کە ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، وه‌زیرى نه‌وتى عێراق به‌یاوه‌رى به‌ڕێوه‌رى كۆمپانیاىBP سه‌ردانى پارێزگاى كه‌ركوك و كۆمپانیاى نه‌وتى باكورى كردوه‌ و له‌وێش رێككه‌وتنه‌كه‌یان واژۆكردوه‌.

دواى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم، له‌ 16ى تشرینى دووه‌م حكومه‌تى عێراق ده‌ستى گرته‌وه‌ به‌سه‌ر كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانى شارى كه‌ركوك، كه‌ پێشتر به‌شێكى له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ به‌رٍێوه‌ده‌برا و نه‌وته‌كه‌ى هه‌نارده‌ ده‌كرا، به‌تایبه‌تى هه‌ردوو كێڵگه‌ى نه‌وت هاڤانا و باى حه‌سه‌ن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure