له‌سه‌ر دياريكردنى كاتى هه‌ڵبژاردنه‌كان كورد راى جياوازى هه‌يه‌

هەواڵ / عێراق :: 18/01/2018‌ :: 249‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
فراكسيۆنه‌ كوردييه‌كانى ناو په‌رله‌مانى عێراق، سه‌باره‌ت به‌ دياريكردنى كاتى هه‌ڵبژادنه‌كانى عێراق، رای جياوازيان هه‌يه‌، هه‌ر فراكسيۆنێك به‌هانه‌ى خۆى هه‌يه‌، بۆ پاڵپشتى كردنى بۆچوونه‌كه‌ى خۆى.

تارق گه‌ردى، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له‌ فراكسيۆنى پارتى به‌دواڕۆژى راگه‌ياند "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنين له‌كاتى ده‌ستوورى خۆيدا، چونكه‌ هه‌ردواخستنێك ده‌بێته‌ سه‌رپێچى ده‌ستوور و ياسا، ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنى ده‌ستوورداين".

وتيشى "نابێت هه‌ڵبژاردن له‌ به‌روارى 15-5-2018 تێپه‌ڕێت، ئێمه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى ده‌ستوورداين، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئيراده‌ى هه‌موو لايه‌ك شێوازيكى تر بێت، له‌به‌ر هه‌ندێك به‌رژه‌وه‌ندى گشتى، ئه‌وا ده‌نگى بۆ ده‌ده‌ين، به‌ڵام چۆن بژارده‌ى ناياسايى و ناده‌ستوورى ده‌خرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌!".

عه‌زيز حه‌سه‌ن، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له‌ فراكسيۆنى يه‌كێتى له‌و باره‌یەوه‌ به‌ دواڕؤژى راگه‌ياند "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كانين، چونكه‌ بارودۆخى ئێستاى عێراق، هيچ له‌بارنييه‌، هه‌ڵبژاردن بۆئه‌وه‌يه‌ ئه‌نجامێكت له‌ سه‌قامگيرى و ئاسايش بداتێ و هه‌موولايه‌ك به‌شداربن".

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى يه‌كێتى وتيشى "ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن له‌م سه‌روبه‌نده‌دا ئه‌وه‌نده‌ى بارودۆخه‌كه‌ ئاڵۆزده‌كات، ئه‌وه‌نده‌ سه‌قامگيرى دروست ناكات بۆيه‌، دواخستنى باشتره‌".

كاوه‌ محه‌مه‌د، ئه‌ندامى فراكسيۆنى گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى عێراق بۆ دواڕۆژ وتى "دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كان ناده‌ستوورييه‌، ده‌نگدان له‌سه‌ر دواخستنى پێشينه‌يه‌كى مه‌رتسيدار دەبێت له‌دژى پڕۆسه‌ى ديموكراسى".

وتيشى "بۆيه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنين له‌ 12-5-2018 و له‌گه‌ڵ دواخستنى نين، چونكه‌ پێشێلكردنى راسته‌وخۆى ده‌ستوورە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure