ئەمریكا پشتگیری لە دیالۆگێكی جددیی هەولێر و بەغدا دەكات

هەواڵ / کوردستان :: 17/01/2018‌ :: 280‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
شاندێكی ئەمریكا لەگەڵ سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم كۆبوونەوە و داوا دەكەن، كۆبوونەوە ئەرێنییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامبن، بەمەبەستی گەیشتن بە ئەنجامێكی گونجاو بەتایبەتی لەسەر پرسی فڕۆكەخانە، مووچە و پێداویستییەكانی دیكەی هەرێم.


ماڵپەڕی حكومەتی هەرێم راگەیاندراوێكی تایبەت بە كۆبوونەوەیەكی نێوان سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم و برێت مەكگۆرگ نێردەی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ شەڕی دژی داعش و ئەندریۆ پیك، یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەریان بڵاوكردەوە.

دەقی راگەیاندراوەكە:

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 17/1/2018 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێزان برێت مەكگۆرگ نێردەی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ شەڕی دژی داعش و ئەندریۆ پیك یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەریان كرد.

لە دیدارێكدا كە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە كەمبوونەوەی گرژییەكان و دیدار و كۆبوونەوە ئەرێنییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەربڕی و هیوایان خواست كۆبوونەوەكان بەردەوام بن بەمەبەستی گەیشتن بە ئەنجامێكی گونجاو بەتایبەتی لەسەر پرسی فڕۆكەخانە، مووچە و پێداویستییەكانی دیكەی هەرێم.

شاندەكە پشتگیریی خۆیان بۆ ئەم هەنگاوانە و گفتوگۆیەكی جددی لەنێوان هەردوولادا نیشان دا و جەختیان لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان و بەردەوامیی هاوكاری و پشتگیریی هەرێمی كوردستان كردەوە، هەروەها لایەنگریی خۆیان بۆ پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان دەربڕی.

لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وێڕای سوپاسكردنی ڕۆڵی هاوپەیمانان كە ساڵانی ڕابردوو بە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا لە شەڕی دژی داعشدا ڕۆڵیكی گەورەیان گێڕا، بە پێویستی زانی هاوپەیمانان لە هاندانی هەولێر و بەغدا بەردەوام بن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، هەروەها خۆشحاڵیی خۆی بۆ كۆبوونەوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان تیمەكانی هەولێر و بەغدا دەربڕی كە چەند هەنگاوێكی باش چوونەتە پێشەوە. بەڕێزیان ئەمەی بە هەنگاوێكی جددی لە قەڵەم دا و هیوای خواست كۆبوونەوەكان بگەنە ئەنجامێك كە لە بەرژوەندیی عێراق و هەرێمی كوردستاندا بێت.

سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش، بەڕێز سەرۆك وەزیران دووپاتی كردەوە كە پەیوەندی و دیالۆگی جددی لەنێوان هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا هەبووە و هەوڵی هەموو لایەك بۆ ئەوەیە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

تاوتوێكردنی چەند بابەتێكی پەیوەست بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و پێشهاتەكانی ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

ژ.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure