ساڵی 2017 هاتنى گه‌شتیاران بۆ هه‌رێم 30% زیادیكردوه‌

هەواڵ / ئابوری :: 18/01/2018‌ :: 212‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزارى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ 2017دا زیاتر له‌ دوو ملیۆن گه‌شتیار سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه‌ و ژماره‌ى گه‌شتیاران  به‌راورد به‌ ساڵى 2016 به‌ڕێژه‌ى 30% زیادیكردووه‌، وته‌بێژى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزاریش ده‌ڵێت "پلانێكى ستراتیژى بۆ گه‌شتیارى  بۆ ئه‌مساڵ په‌سه‌ندكرا".

رۆژی چوارشه‌ممه‌ 17ى كانوونى دووه‌مى 2018، به‌ ئاماده‌بوونى وه‌زیرى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزارى هه‌رێم له‌ هه‌ولێر پلانێكى ستراتیژى بۆ كه‌رتى گه‌شتوگوزارى هه‌رێم له‌ ساڵى 2018 په‌سه‌ندكرا.

له‌وباره‌یه‌وه‌ نادر رۆستى، وته‌بێژى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "به‌ مه‌به‌ستى به‌رزكردنه‌وه‌ى داهاتى گه‌شتوگوزار و ژماره‌ى گه‌شتیار، پلانێكى به‌هێزى گه‌شتیارى له‌لایه‌ن نه‌ورۆز مه‌ولود وه‌زیرى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزارى هه‌رێم په‌سه‌ندکراوه‌".

وته‌بێژى ده‌سته‌كه‌ رونیكرده‌وه‌، پلانی 2017ى گه‌شتیارى هه‌رێم به‌شێوه‌ی گشتی به‌سه‌ركه‌وتوویی جێبه‌جێكراوه‌، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت له‌ ساڵى داهاتوودا ژماره‌كه‌ و رێژه‌ى گه‌شتیاران زیاد بكرێت، به‌ جۆرێك داهاته‌كه‌ى بگاته‌ پێنج ملیار دینارى ساڵانه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد له‌ ساڵى 2017دا زیاتر له‌ دوو ملیۆن گه‌شتیار روویان له‌ هه‌رێمى كوردستان كردووه‌ و له‌ كاتێكدا له‌ساڵى 2016دا ژماره‌ى گه‌شتیار یه‌ك ملیۆن و 700 هه‌زار گه‌شتیار بووه‌، به‌وه‌ش رێژه‌ى گه‌شتیاران 30% زیادیكردووه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە