یه‌كێتى پێشنیارى دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ مانگى حوزه‌یران ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 17/01/2018‌ :: 260‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان پێشنیارى دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات بۆ مانگى حوزه‌یرانى ئه‌مساڵ، ئه‌ندامێكى مه‌كته‌بى سیاسی پارتیش ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى داهاتووى سه‌ركردایه‌تى ئه‌و پرسه‌ یه‌كلاده‌كه‌نه‌وه‌.

ڕێككه‌وتى 7ى كانونى دووه‌م، شاندێكى باڵاى پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان له‌ سلێمانى كۆبوونه‌وه‌، به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ له‌و كۆبوونه‌وه‌دا پرسى هه‌ڵبژاردن تاوتوێكراوه‌ و، یه‌كێتى داوايكردووه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى تایبه‌ت له‌باره‌ى پرسى هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبده‌ن، له‌ ڕێككه‌وتى 10ى كانونى دووه‌م كۆبوونه‌وه‌كه‌ دوور له‌ چاوى میدیاكان ئه‌نجامدرا و، تيايدا یه‌كێتى داوايكردوه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو بخرێته‌ دواى 15 حوزه‌یرانى ئه‌مساڵ، ئه‌مه‌ش به‌هۆى ئه‌نجامدانى پرسى كۆنگره‌ له‌لایه‌ن ئه‌و حزبه‌و، پارتیش داوايكردووه‌ ئه‌گه‌ر ناتوانن له‌مانگى نیساندا بێنه‌ ناو هه‌ڵبژاردن، له‌ماوه‌یه‌كى نزیكدا واده‌یه‌ك به‌جێگیرى بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو دیاریبكه‌ن و دواتر وه‌ڵامیان بده‌نه‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، هه‌رچه‌نده‌ بڕیاربوو له‌م هه‌فته‌یه‌دا كۆبوونه‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ كۆمسیۆن و په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام به‌هۆى داواكارى یه‌كێتى بۆ دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ دواخراوه‌ له‌ ئێستاشدا پارتى چاوه‌ڕێى یه‌كێتى ده‌كات.

لاى خۆیه‌وه‌ عارف ته‌یفور، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى بۆ دواڕۆژ، ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، پارتى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ له‌ماوه‌یه‌كى چه‌ند مانگێكى كه‌مدا به‌باشترین بژارده‌ ده‌زانێت، به‌ تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى یه‌كگرتووى ئیسلامى له‌حكومه‌ت كشایه‌وه‌.

ناوبراو، ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد، پێویسته‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان موراعاتى بارودۆخه‌كه‌ بكه‌ن و رێگه‌بده‌ن حكومه‌ت و په‌رله‌مان واده‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو دیاریبكه‌ن.

سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره‌، وته‌بێژى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان بۆ دواڕۆژ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى شه‌ممه‌ى داهاتوو ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى چه‌ند پرسێك تاوتوێ ده‌كات، له‌ نێویشیان پرسى هه‌ڵبژاردنه‌كان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure