بەهۆی ریفراندۆمەوە کێشە بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان دروستبووە

هەواڵ / کوردستان :: 17/01/2018‌ :: 314‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
بڕیاردراوە رێكخراویICMP نێودەوڵەتی سەرپەرشتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و پشکنینی دی ئین ئەی تەرمەکان بکات، بەڵام دوای ریفراندۆم حکومەتی هەرێم دەسەڵاتی لە سنوری ماددەی ١٤٠ نەماوە گۆڕەکانیش لەوێن، دەبێت بەغدا رەزامەندی بدات و هەماهەنگی بکرێت.

فوئاد عوسمان ، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەفالکراون، بە دواڕۆژی راگەیاند "پرسی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان پرسێکی گرنگ و جێی بایەخە، بەڵام بەهۆی روداوەکانی دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی کوردستان کە بەغدا بەهۆیەوە هێرشی کردە سەر ناوچەکانی سنوری ماددەی ١٤٠ گۆرە بە کۆمەڵەکان، کەوتوونەتە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان". 

فوئاد وتیشی "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧ کانوونی دووەم، مەحمود حاجی ساڵح وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و پەری نوری عەزیز سەرپەرشتیاری گۆڕە بەكۆمەڵەكان لەگەڵ لینا لارسون لێپرسراوی ئوفیسی عێراقی رێكخراوی نێودەوڵەتیICMPهاوكاری و هەماهەنگی بۆ دۆزینەوە و گەڕان و  هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و پشکنینی تەرمەکان کرا".

وتیشی "رێکخراوەکە کۆی هاوكارییە لۆجیستی و هونەرییەکانی تایبەت بە كاركردن لەسەر گۆڕە بەكۆمەڵەكان پێشكەشی وەزارەتی شەهیدان دەكات، ئەنجامدانی پشکنینی دی ئێن ئەی و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانیش بەشێوەی زانستی لە ئەستۆدەگرێت". 

وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان ئەوەشی خستەڕوو، دوای رووداوەکانی ریفراندۆم سەرجەم گۆڕە بە كۆمەڵەكان کەوتنە ژێر دەسەڵاتی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، ئەوەش پێویستی بەهەماهەنگی و کارکردن و رەزامەندی هەیە لەگەڵ حکومەتی عێراق، بۆیە بڕیاردرا لە مانگی شوباتی ئەمساڵ كۆبوونەوەیەك بەئامادەبوونی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی پەیوەست بە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و رێکخراوەکانی ئەو بوارەدا بکرێت و پلانی کارەکە جێبەجێبکرێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە