ساڵى رابردوو لەهەڵەبجە ڕێژه‌ى له‌دایكبوونى كوڕان له‌كچان زیاتر بووه‌

هەواڵ / کوردستان :: 17/01/2018‌ :: 115‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 17ى كانونى دووه‌م، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە ئاماری سەردانیکردنی نەخۆشانى بۆ نەخۆشخانەکان و ژمارەی لەدایکبوونی منداڵان و ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکانی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاشکراکرد.


د.  هونەر جەعفەر، بەڕێوەبەرگشتی تەندروستی هەڵەبجە لە کۆنگره‌ ڕۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند "له ساڵی ڕابردوودا 252 هەزار و 917 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکانی سنورەکەیان کردووه‌ كه‌ 73 هه‌زار و 379 كه‌سیان له‌ڕێگه‌ى نه‌خۆشخانه‌ راوێژكارییه‌كانه‌وه‌ سه‌ردانیان كردووه‌، 99 هه‌زار و 908 كه‌سیان له‌ڕێگه‌ى مه‌ڵبه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌كانه‌وه‌ سه‌ردانیان كردووه‌، 56 هه‌زار و 747 كه‌سیان له‌ڕێگه‌ى بنكه‌كانه‌وه‌ سه‌ردانیان كردووه‌".

وتیشى "هەرلە ساڵی ڕابردودا هەزار و 847 نەشتەرگەری گەورە و مام ناوەند و بچوک بۆ نەخۆشانی سنورەکە ئەنجامدراون کە 777 نەشەرگەرییان گەورەبوون. هاوكات 816 نەخۆشیش لەسەنتەری گورچیلە کاری شتنەوەی گورچیلەیان بۆ ئەنجامدراوە، لەگەڵ ئەوەشدا شەش هەزار و 117  نەخۆشیش سەردانی سەنتەری چاویان کردووە".

بەڕێوەبەرگشتی تەندروستی هەڵەبجە ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، لەساڵی ڕابردوودا هەزار و 644 منداڵ لەدایکبوون کە 827 منداڵ لەڕەگەزی نێر و 817 منداڵیش لە ڕەگەزی مێ بوون كه‌ له‌و ڕێژه‌یه‌ش هەزار و 109 منداڵ بە سروشتی لەدایکبوون و 512 منداڵیش بە نەشتەرگەری. لەگەڵ ئەوەشدا حەوت منداڵ بە مردووی لەدایکبوون.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure