وه‌زیره‌كانی یه‌كگرتوو به‌شداری دانیشتنی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كه‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 17/01/2018‌ :: 435‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
وه‌زیرێكی یه‌كگرتووی ئیسلامی ئاشكرایده‌كات، له‌دانیشتنی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا، سه‌رجه‌م وه‌زیره‌كانی یه‌كگرتوو له‌كابینه‌ی هه‌شته‌م، ماڵئاوایی له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كه‌ن و هه‌ر ئه‌مڕۆش نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان پێشکەشی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌كه‌ن.

ڕۆژی 16 كانونی یه‌كه‌م، یەکگرتوو بڕیاریدا به‌ کشانەوە لەكابینه‌ی هه‌شته‌می حکومەت، هه‌ر ئەمڕۆش وەزیرەکانی ئەو حزبە له‌دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا رێکارە یاساییەکان بۆ دەستلەکارکێشانەوەیان دەستپێدەکەن و ماڵئاوایی یه‌كجاره‌كی له‌م كابینه‌یه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ن.

محەمەد هاودیانی، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان به‌دواڕۆژی وت "له‌دانیشتنی ئه‌مڕۆی ئەنجومەنی وەزیران نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌كه‌ن و سه‌رجه‌م رێکارە یاساییەکانی کشانەوەش ئه‌نجامده‌ده‌ن".

وتیشی "وه‌زیره‌كانی یه‌كگرتوو به‌پێی رێكاره‌كانی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كه‌یسه‌كه‌ ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت بیانوی یاسایی نه‌مێنێت بۆ واژۆنه‌كردنی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌".

ڕۆژی 24ی كانونی یه‌كه‌می 2017 یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، مۆڵەتی 20 رۆژی دایە حكومەت، بۆ جێبه‌جێكردنی 24 داواكاری، به‌مه‌به‌ستی مانه‌وه‌ی له‌ نێو كابینه‌ی 8ی حكومه‌تی هه‌رێم، دوێنیش 16ی كانونی دووه‌م به‌ فه‌رمی كشانه‌وه‌ی خۆیان له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌ت هه‌رێم ڕاگه‌یاند.

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لەم کابینەیه‌ی حكومه‌تدا به‌ چوار پۆست بەشداربوو، ئه‌وانیش بریتیبوون له‌ وەزارەتەکانی کارەبا، کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure