یه‌كگرتووى ئیسلامى بڕیاریدا له‌ حكومه‌تى هه‌رێم بكشێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 16/01/2018‌ :: 714‌ جار بینراوە
سه‌لاحه‌دین به‌هادین، ئەمینداری گشتى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لى
ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتوو به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ بڕیارى كشانه‌وه‌ى له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان په‌سه‌ندكرد.


ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 16ى كانونى دووه‌مى 2018 ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتى سه‌لاحه‌دین به‌هادین، ئه‌میندارى گشتى ئه‌و حزبه‌ بۆ دووه‌م رۆژ كۆبوه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستى تاوتوێكردن و بڕیاردان له‌سه‌ر پرسى كشانه‌وه‌ یان مانه‌وه‌ له‌ حكومه‌تى هه‌رێم پاش ئه‌وه‌ى ئه‌و واده‌یه‌ى سه‌باره‌ت به‌ داواكارییه‌كان له‌ حكومه‌ت پێشكه‌شیان كردبوو كۆتایى هات.

سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس له‌ یه‌كگرتووى ئیسلامى، كه‌ نه‌یویست ناوى ئاشكرابكرێت، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، "ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتوو به‌ زۆرینه‌ى ره‌ها بڕیارى كشانه‌وه‌ى له‌ حكومه‌ت داوه‌".

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌لاحه‌دین به‌هادین، ئەمینداری گشتى یەکگرتوو له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی نیازپاکییان نیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام بەهۆی کەڵەکەبوون و زۆری کێشەکانەوە نەیانتوانیوە چاکسازی بکەن.

وتیشی "ئەمڕۆ دوای ئەوەی ئەو ماوەیەی بۆ حکومەت دامانابوو بۆ جێبەجێکردنی داکارییەکانمان، وەڵامی حکومەتمان دەستکەوت کە توانای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان نییە، بە کۆی دەنگی ئەندامانی سەرکردایەتی بڕیاری کشانەوەماندا".

پێشتر سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌ناو یه‌كگرتووه‌وه‌ بۆ دواڕۆژ وتى، به‌هۆی ناكۆكییه‌كان له‌سه‌ر پرسی كشانه‌وه‌ یان مانه‌وه‌ له‌حكومه‌ت له‌نێو ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تیدا، بۆیه‌ به‌ده‌نگدانی نهێنی پرسه‌كه‌ یه‌كلاییده‌كه‌نه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتوو بۆ ماوه‌ى دوو رۆژ له‌سه‌ر یه‌ك كۆبوه‌وه‌ و ئێواره‌ ئه‌مڕۆ به‌ بڕیاردان له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ له‌ حكومه‌ت كۆتایى به‌ كۆبونه‌وه‌كانى هێنا.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure